کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا، فەڕانسە و بریتانیا بەردەوامن لە سەر پشتگیری خەڵکی ئێران

15:30 - 18 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: بەرپرسان و کاربەدەستانی وڵاتانی ئامریکایی و ئۆرووپایی، بەردەوام پشتگیری خۆیان بۆ خەڵکی ئێران ڕادەگەیەنن.

پاش تێپەڕ بوونی ١١ رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران، کاربەدەستانی وڵاتانی ئامریکا و ئۆرووپا، باس لە هۆکاری ئەو سەرهەڵدانانە دەکەن و پشتگیری خۆیان بۆ خەڵکی ناڕازی ڕادەگەیەنن.

بەرپرسی CIA، مایک پەمپێئۆ لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کاناڵی CBS، وتوویەتی: ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵکی ئێران، بەپێچەوانەی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ی ئەو وڵاتەیە، کە زۆرتر خەڵکی نێونجی و خۆشبژێوی کۆمەڵگەی ئێران بوون؛ ئەمجارەیان زۆرتر خەڵکی ئاسایین کە هیچ هیوا و متمانەیەکیان بەو حکوومەتە نەماوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: دەوڵەتی روحانی لەهەمبەر ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دابوو شکستی خواردووە، ئەوان بەڵێنیان دابوو کە پاش رێککەوتنی بەرجام هەلی کار بۆ خەڵک بڕەخسێنن، شتومەکی خواردەمەنی نێو بازار زۆر بکەن و نرخەکان هەرزانتر بکەن، بەڵام هەمووی بەپێچەوانە دەرچوو، خەڵکی ئێران ئەم راستییەیان بۆ دەرکەوتووە، بۆیە هاتوونەتە سەر شەقام و بێزاری خۆیان لەو حکوومەتە دەردەبڕن.

جێگری سەرۆکی ئامریکا، مایک پێنسیش لە ڕاپۆرتێکدا کە لە رۆژنامەی واشێنگتۆن پۆست بڵاو بووەتەوە، نووسیویەتی: ساڵی ٨٨ی هەتاوی بە هەزاران کەس لە خەڵکی ئێران رژانە سەر شەقامەکان و بە نسبەت هەڵبژاردنێکی پڕ لە درۆ و فریودەرانە کە لەو وڵاتە بەڕێوە چوو، ناڕەزایەتیی خۆیان دەربڕی ، بەڵام من شاهیدم کە سەرۆکی ئەوکاتی ئامریکا هیچ پشتگیرییەکی لە خەڵکی ئێران نەکرد و بێدەنگ مایەوە، بەڵام ئەمجارەیان سەرۆک ترامپ لەگەڵ خەڵکی ئێراندایە و بە هەموو هێزیەوە پشتگیری خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران دەکات.

کۆشکی سپی بە نسبەت چالاکییەکانی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕایگەیاندووە کە دانڵد ترامپ و ئێمانۆئێل ماکرۆن لەهەمبەر بارودۆخی ئێران و چۆنیەتی پشتگیری لە خەڵک و هەڵسووکەوت لەگەڵ رێژیمی ئێران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان هەبووەو بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، هاوکات لەگەڵ بەردەوامی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، خەریکی خۆ ئامادە کردنە تا لەم حەوتوویەدا بە نسبەت بەردەوام بوون یان کۆتایی هێنان بە رێککەوتنی بەرجام دوابڕیاری وڵاتەکەی ڕابگەیەنێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، رۆژنامەی دەیلی تێلێگرافی لەندەن رۆژی شەممە ١٦ی بەفرانبار نووسیبووی کە لە پارلمانی بریتانیا هەوڵێک لە ئارادایە بۆ ئەوەی سپای پاسدارانی ئێران لە لایەن وەزارەتی ئەو وڵاتەوە بە تێرۆریست بناسرێت و بخرێتە لیستەی تیرۆرەوە.