کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای پاسداران دیکۆمێنتارێکی لەسەر هێرشی بێ‌ئاکامی خۆیان بۆ سەر بنکەکانی حیزب دروست کرد

21:47 - 24 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ناوەندە تەبلیغییەکانی سپای پاسداران، دێکۆمێنتارێکیان لەژێر ناوی کویسنجق لە بارەی هێرشە سەرنەکەوتووەکەیان بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە بڵاو کردەوە.

دامەزراوەی فەرهەنگی و هونەری سابقون، سەر بە سپای پاسداران لە دێکۆمێنتارێکدا باسی لە چۆنیەتی هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات دەکات و کۆمەڵێک چەواشەکاری لەو دێکۆمێنتارییەدا دەکات.

لەم دێکۆمێنتارییەدا تێرۆریست محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی کە لە دانیشتنەکانی ڤییەن لە ساڵی ١٩٨٩دا ئەندامی هەیئەتی ئێرانی بۆ وتووێژ لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی دێموکرات بوو و هەروەها بکوژی شەهید دکتۆر قاسملوو و عەبدووڵلا قادری ئازەرە، بە چەواشە کردنی ڕاستییەکان لە هێرشی سپا بۆ سەر بنکەکانی حیزب دەیەوێت سپای پاسداران بە سەرکەوتوو لە قەڵەم بدات.

لە دێکۆمێنتاری کۆیسنجقدا، چەند جاشێکی سپای پاسداران لە بارەی هێرشی ناسەرکەوتووی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە ئاخاوتنێکی چەواشەکارانەدا نەخشی پاسداری کوژراو ئەحمەد کازمی زەق دەکەنەوە.

دوای ئەم هێرشە ناکامەی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزب، دەفتەری سیاسی بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند: هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناکامیی و ڕسوایی سپای پاسداران کۆتایی هاتووە.

شەوی ٥ی گەلاوێژی ١٣٧٥، هێزێکی چەند هەزاری کەسی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران تەیارکراو بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس لە ڕێگەی سنووری مەریوان هاتنە نێو خاکی کوردستانی عێراق و لە شوێنە ستراتیژییەکان و چیاکانی کۆیە نیشتەجێ بوون و سپێدەی ٨ی گەلاوێژ تۆپبارانێکی چڕیان بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات و کەمپی ئاوارەکانی ئێرانی دەست پێ کرد.

هێزەکانی سپای پاسداران دوای ١٢ کاتژمێر تۆپباران بەبێ ئەوەی بوێرن بۆ سەر بنکەکانی حیزب پێشڕەوی بکەن و بە هۆی خۆڕاگریی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، نیگەرانی دەربڕینی بیروڕای گشتی، ڕق و قینی خەڵکی کوردستانی عێراق هێزەکانی سپای پاسداران مەئموریەتی ناسەرکەوتووی خۆیان بە شێوەی تەواونەکراو بەجێ هێشتوو و سەرشۆڕانە بۆ ئێران گەڕانەوە.

داڕێژەرانی هێرشی ناکامی سپای پاسداران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکرات لە کۆیە ئەحمەد کازمی فەرماندەی پێشووی قەرارگای حەمزە و محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی فەرماندەی پێشووی قەرارگای ڕەمەزان بکوژەکەی د.قاسملوو بوون.

لە وڵامی ئەم ‌هێرشەی سپای پاسداران، دەستەی کوماندۆوەکانی کۆمیتەی شارستانی ورمێ و کۆمیتە شارستانی شنۆ لە عەمەلیاتێکی هاوبەشدا لە شاری شنۆ لانیکەم ١٣٠ کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانیان کوشت.