کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەماڵەی سارۆ قارەمانی لەژێر گوشاری ئیتلاعاتدان

14:42 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: پاش کوشتنی سارۆ قارەمانی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم،فەرمانداری سنە دەستی کردووە بە چەواشەکاری لە سەر ڕاستییەکانی کوژرانی ئەو لاوە و تێکدانی بیروڕای گشتی.

بەپیی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ فەرمانداری شاری سنە، لە ترسی ڕاپەڕین و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شاری سنە بەهۆی کوژرانی لاوێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی سارۆ قارەمانی، بە شێوەیەکی قێزەون، کە تەنیا لە دەسەڵاتی ڕەشی کۆماری ئیسلامی دەوەشێتەوە، دەستی کردووە بە پڕوپاگەندە و تۆمەتی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی خستۆتە ئەستۆی هێزە دژبەرەکانی ڕێژیم.

لێدوانەکانی فەرمانداری شاری سنە لە حاڵێکدایە، کە سارۆ قارەمانی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شاری سنەدا لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە دەسبەسەر کرا و پاش ١١ ڕۆژ بێسەروشوێن بوون، بنەماڵەکەی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ئاگادار دەکرێنەوە کە تەرمی کوڕەکەیان لە سارخانەدایە و تەنانەت ئیزنی سەرخۆشیشیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ترسی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شاری سنە لەمەڕ کوژرانی ئەو لاوە تەمەن ٢٤ ساڵە، بەزۆرەملی گرتە ڤیدیۆییەکیان لە محەممەد قارەمانی باوکی سارۆ تۆمار و بڵاو کردووتەوە کە تێیدا دەڵێ: کوڕەکەی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕێژیم بووە و لە شەڕ و تێکهەڵچووندا کوژراوە.

ئەم لێدوان وەرگرتنە زۆرەملییە لە باوکی سارۆ قارەمانی لە کاتێکدایە کە کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی لەمبارەوە بۆ هەمووان ئاشکرایە و پێشتریش حالەتی لەم چەشنە لە ڕەشچاڵەکانی ڕێژیمدا بیندراوە؛ لە ١٦ی بەفرانباری ساڵی ٨٦ی هەتاوی، خوێندکاری کورد، ئیبراهیم لوتفوڵاهی پاش ئەوەیکە لە زانکۆی پەیامی نووری سنە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا، دوای چەند ڕۆژ ڕاگرتن لە گرتنگەی ئیتلاعات، شەهید کرا؛ یان لە پووشپەڕی ساڵی ٨٤ی هەتاویدا خوێنمژانی ڕێژیم لە ئیتلاعاتی مەهاباد تاوانێکی لەبیرنەکراویان ئەنجام دا و شوانە سەید قادرییان لە ژێر ئەشکەنجەدا کووشت.