کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە شاری كۆپێنھاگ ڕێپێوانێک بە دژی ڕێژیمی ئێران بەڕێوە چوو

21:21 - 25 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە سەرھەڵدانی گەلانی ئێران، لە وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بە بەشداری کۆمەڵێک لە كوردانی دانیشتووی وڵاتی دانمارک و حیزبە كوردستانییەكان و چەند كەسایەتیی سیاسی و ئەندام پارلەمانی دانمارک، ڕێپێوانێک بۆ پشتیوانی لە سەرهەڵدانی گەلانی ئێران و مەحكووم كردنی سەركوت، گرتن و كوشتنی خۆپیشاندەران لە شاری كۆپێنھاگی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو.

سەرەتای ئەو ڕێپێوانە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و خۆلكێك بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەھیدانی كورد و كوردستان و خۆپیشاندەرانی گەلانی ئێران دەستی پێ كرد.

دواتر لە لایەن لارس ئاسلان ئەندام پارلەمانی دانمارك پەیامێك بە زمانی دانماركی پێشكەش كرا. لارس لە پەیامەكەیدا وێڕای پشتیوانی لە سەرھەڵدانی گەلانی ئێران، كوشتن و دەسبەسەر كردنی خۆپیشاندەرانی مەحكووم و شەرمەزار كرد و ئاماژەی بەوە کرد، كە ڕێژیم ناتوانێ لە ڕێگای كوشتن و سەركوت پێش بە بانگی ئازادیی گەلانی ئێران بگرێ.

ناوبراو ھەروەھا ئاماژەی بە فیلتێری سۆسیال میدیا لە ئێران كرد و ھیوای سەركەوتنی بۆ خەڵكی ئازادیخوازی ئێران خواست.

دواتر پەیامی فێدراسیۆنی كۆمەڵە كوردییەكان لە لایەن عەدنان ئاغاجان بەرپرسی فێدراسیۆن پێشكەش كرا. لەو پەیامەدا ئاماژە بە ھۆكارەكانی ئەو سەرھەڵدانە و نەبوونی ئازادی لە وڵاتی ئێران و قەیرانی ئابووری كرا.

لە بڕگەی كۆتایی ڕێپێوانەکەدا، پەیامی ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ڕۆژھەلاتی كوردستان لە لایەن خالید ڕەواندۆست پێشكەش كرا.
ڕێپێوانەکە پاش ٢ كاتژمێر كۆتایی پێ ھات.