کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە زیندانەکانی ڕێژیم بە زۆرەملێ زیندانییەکان دەرمانخوارد دەکرێن

14:19 - 27 بەفرانبار 2717

کوردستان میدیا: یەکێک لە نوێنەرانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، ئەو زیندانییانە کە لەم دواییانەدا لە زیندانەکان گیانیان لەدەست داوە، بە زۆر جۆرە قورسگەلێکیان پێ خواردراوە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، مەحموود سادقی یەکێک لە نوێنەرانی ڕێژیم لە مەجلیس، باسی لەوە کردووە، کە یەکێک لەو زیندانییانەی کە لەم دواییانەدا گیانی لە دەست داوە، پێشتر لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیاندووە، کە لە زینداندا ناچاریان دەکەن هێندێ قورس بخۆن، کە پاش خواردنی ئەو قورسانە دۆخیان بەرەو خراپی دەچێت.

لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ئێران، کە زیاتر لە ١٠٠ شاری گرتەوە، لە لایەن هێزە داپلۆسێنەرەکانی ڕێژیم، نزیک بە ٤٠٠٠ کەس دەسبەسەر و زیندانی کراون، کە ٦ کەسیان بە هۆی ئازار و ئەشکەنجە لە زیندانەکان گیانیان لە دەست داوە.

پاش ئەوەی کە سەرچاوە هەواڵدەرییەکان و ڕێکخراوانی چالاکیی مافی مرۆڤ، باسیان لە کوشتنی ٦ کەس لە گیراوانی خۆپیشاندانەکان بە هۆی ئازار و ئەشکەنجە لە گرتووخانەکانی ڕێژیم کردووە و بەرپرسانی ڕێژیمیش بەردەوام نکۆڵیان لێ کردووە و ڕایانگەیاندووە، کە هۆکاری مەرگی ئەو کەسانە خۆکوژی و بەکارهێنانی مادە سڕکەرەکان بووە، ئەم هەواڵە لە زاری بەرپرسێکی خودی ڕێژیم ئاشکرا کراوە.

لە شارەکانی کوردستانیش لە ڕەوتی دەسبەسەرکرانەکاندا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکانی کوردستانیش دەسبەسەر و بێسەروشوێن کراوان و لەم چەند ڕۆژانەی دواییدا ناوی سێ کەس بە ناوەکانی (سارۆ قارەمانی، کیانووش زەندی، ئارام مەعازی) لە لایەن ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی کوردستان ڕاگەیندراوە، کە لە زیندانەکانی ئیتلاعات لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا گیانیان لە دەست داوە.