کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران خوازیاری پێکهێنانی بەرەیەک دژ بە تورکیە و ئامریکایە

14:49 - 4 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران لە کاروباری سەربازی، دژ بە تورکیە و ئامریکا، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانەتییەکی ناوچەیی کردووە.

پاسدار یەحیا ڕەحیم سەفەوی، رۆژی سێشەممە ٣ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە پرێسکۆنفڕانسێکدا، پێشنیاری ئەوەی کردووە، کە بەرەیەک بە هاوکاریی ئێران، ڕووسیە، سووریە، عێراق و پاکستان دژ بە هاوپەیمانەتی ئامریکا، تورکیە و ئیسرائیل پێک بێت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەری فارس سەر بە سپای پاسداران، ڕەحیم سەفەوی باسی لەوە کردووە: ئامریکا خوازیاری دروست کردنی هەرێمێکی سەربەخۆ بۆ کوردەکانی ڕۆژئاوایە و دەیەوێت هێزێکی ٣٠ هەزار کەسی بە ناوی هێزی سنوورپارێز لەو ناوچانە دروست بکات.

ناوبراو هەروەها باسی لە دەوڵەمەند بوونی ئەو ناوچانە کردووە و وتوویە: ناوچە کوردنشینەکانی سووریە لەگەڵ ئەوەی کە ٢٠ تا ٢٥ لەسەدی خاکی سووریە پێک دێنن، بەڵام ٥٠ لەسەدی گاز و نەوتی ئەو وڵاتە لە ناوچە کوردنشینانەدا بەرهەم دێت.

سەفەوی وتوویە: بەرەی بەرگریی لە دەسەڵاتی بەشارئەسەد بە هۆی درێژەکێشانی شەڕی سووریە لاواز بووە، بۆیە سوودمەندی یەکەم لە لاواز بوونی ئەو بەرەیە ئیسرائیلە.

ناوبراو هەروەها لە هەمبەر هێرشی تورکیە بۆ سەر عەفرین وتوویە: تورکیە لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیل لە بەرەیەکە و ئێمەش دەبێ لەگەڵ ڕووسیە، عێراق و پاکستان و سووریە بەرەیەک دژ بەو هاوپەیمانەتییە دروست بکەین.

ئەو قسانەی ڕەحیم سەفەوی، لە حاڵێکدان کە تورکیە لە دەسپێکی هێرشی خۆی بۆ سەر عەفرین ڕایگەیاندبوو، کە لەگەڵ ڕووسیە و ئێران هاوئاهەنگی کردووە.

بە دەسپێکی شەڕی سووریە لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی، ئێران سەرەڕای پشتگیری ماڵی و لۆجستیکی خۆی لە بەشارئەسەد، لە ڕووی سەربازیشەوە چەندین گرووپی لەژێر ناوی جۆراوجۆرەوە بە مەبەستی یارمەتیدانی ڕێژیمی ئەسەد بۆ سووریە بەڕێ کردووە، کە بە بەرەی بەرگری ناوی لێ دەبات.

جێگەی ئاماژەیە، کە گەشەکردن و بەهێز بوونی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان لە عێراق سەرەکیترین هۆکاری هێرشی سپای پاسداران و داگیر کردنی کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری بوو، ئێستەش ئەو قسانەی سەفەوی دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیمی ئێران، چاوی دیتنی هیچ کیانێکی کوردی لە هیچ وڵاتێکدا نییە و بە تەواوەتی دوژمنی سەرەکیی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.