کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یادی کۆماری کوردستان لە یونان بەرز ڕاگیرا

15:49 - 4 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: پۆلێک لە ڕێبوارانی ڕێبازی پێشەوا قازی محەممەد لە شاری ساڵونیکی یونان یادی دامەزراندنی کۆماری کوردستانیان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شەوی ٢ی ڕێبەندان پۆلێک لە ڕێبوارانی ڕێبازی پێشەوا وەک ئەمەگناسییەک بۆ تێکۆشانی لەبیرنەکراوی حیزبی دێموکرات لەمەڕ دامەزراندنی کۆماری کوردستان، یادی ٢ی ڕێبەندانیان بەرز ڕاگرت.

بەم بۆنەشەوە پەیامێکیان بڵاو کردۆتەوە کە ئەمە دەقەکەیەتی:

هەر گەلێک، لە مێژووی خۆیدا، خاوەنی کۆمەڵێک شانازی و خاڵی زێڕینە کە دەبێتە مۆرک و هێمای ئەو نەتەوەیە و بە مەزنترین شێوە یادی ئەکەنەوە.

بۆ نەتەوەی کوردیش کۆماری کوردستان مەدالیایی شانازییە و بە گەردنی مێژوومانەوە هەڵواسراوە.

ئەو کۆمارە دێموکراتیکە لە سەردەمێکدا پێکهات، کە زۆربەی گەلانی دەوروپشت و بەتایبەت دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان خاوەنی دەسەڵاتی دواکەوتووانەی پاشایەتی بوون و لەم ڕووەوە، کۆماری کوردستان مودێڕنترین و پێشکەوتووترین دەسەڵاتی ناوچە بوو.

لە ئاستی ناوخۆییشدا ئاواتی دێرینی گەلێکی بندەستی بەدیهێنا کە ساڵانێکی دوور و درێژ خەباتی بۆ ئەکرد و لە پێناویدا خوێنی ئەڕێژرا.

لە ڕووی سیاسی و فەرهەنگییەوە داهێنانی سروودی میللی و ئاڵا و ناوی پێشمەرگە بۆ خەباتگێڕان و سەربازانی گیانفیدای گەل و نیشتمان، لەگەڵ کۆمەڵێک چەمکی سیاسی و فەرهەنگی ‌تردا، وەک خوێندن بەزمانی دایکی، دامەزراندنی ڕێکخراوی ژنان و دەیان دەسکەوتی تر بۆ یەکەم جار لە مێژووی کورددا، بووە پێشەنگ و شکۆی ئەو کۆمارە مەزنە.

جێ‌پەنجە و سێبەر و کارتێکردنی کۆماری کوردستان سەرەڕای تێپەڕینی ۷۲ساڵ لە جوانەمەرگ بوونی، هێشتا لەسەر سیاسییەکان و حیزبەکانی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا دیارە و ئێستەیش دامەزرانی سیستمێکی هاوشێوە لە ئامانج و ستراتیژی‌ زۆربەی لایەنە سیاسییەکاندا، حاشاهەڵنەگرە. دوایین بەڵگە و نموونەی بێ‌ئەملاولامان بۆ ئەم وتەیە هەوڵی بەرپرسانی هەرێمی باشووری کوردستان بوو کە لە ڕیفراندۆمەکەی ۲۵ی ئەیلوولی۲۰۱۷ دا دیمان و بەداخەوە نەیارانی کورد، نەیانهێشت هەوڵەکە بە ئاکام و مەبەستی خۆی، کە پێکهاتنی دووهەمین کۆماری کوردی بوو، بگات.

ئەمڕۆ ۲ی ڕێبەندان ئەو رۆژەیە کە لە مەیدانی چوارچرای شاری مهاباد کۆماری کوردستان ڕاگەیەندرا و پێشەوا قازی محەمەد سوێندی سەر‌کۆماری خوارد و دامەزراوە ئیدارییەکانی کۆمار بە ڕەسمی دەسبەکار بوون، هەربۆیە لە ئاستی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزدا، ئەم یادە لە لای خەڵکی کوردستان پیرۆز و بایەخدارە.

جێی‌خۆیەتی کە ئێمەش لەم ڕۆژەدا لەگەڵ دامەزرێنەرانی کۆمار و خەباتگێڕانی ئامانجەکانی کۆمار، پەیمان نوێ بکەینەوە و بڵێین: دەبێ دووبارە دووی ڕێبەندانێکی‌تر لە مێژووی کورددا بخوڵقێنین و بناغەی وڵاتێک دابمەزرێنین لەو بەشە لە جەستە دابڕاوەکەی نیشتماندا کە دووی ڕێبەندانی لە خۆیدا تۆمار کرد.

بژی کورد
بژی کوردستان
پیرۆز بێ دووی ڕێبەندان