کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتییەکان دژی ڕێژیم درێژەیان دەبێت

21:04 - 4 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، کە ناڕەزایەتییەکان کەم نابێتەوە و درێژه دەکێشێت.

وەزارەتی نێوخۆی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سەر ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دژی ئەو ڕێژیمە، لە ڕاپۆرتێکدا بۆ سەرکۆماری ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک بەستێنی ئابووری ـ بژیوی ژیان، سیاسی و فەرهەنگی ـ کۆمەڵایەتی هەیە و ئەگەر گۆڕانگارییەکی بنەڕەتی ئەنجام نەدرێت ئەو ناڕەزایەتییانە درێژەیان دەبێت.

لەو باریەوە حەسەن زوڵفەقاری جێگری ئەمنییەتی ئینتزامیی وەزارەتی ڕێژیم، لە بارەی خۆپیشاندانەکانی خەڵک ڕاپۆرتێکی ڕادەستی حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ڕێژیم کردووە و باسی لەوە کردووە، کە دروشمەکان دژی گرانی و دواتر دژی ڕێژیم بوون.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، ناکرێت چاوڕوان بین، کە ناڕەزایەتییەکان کۆتاییان پێ بێت. ناوبراو هەروەها وتوویەتی: خاڵی لاوازی وڵامدەریـی بەرپرسانی دامودەزگا دەوڵەتییەکانیش پەرە بە ناڕەزایەتییەکان دەدات.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، خەڵک متمانەی بە ئۆرگان و ناوەندە حکوومەتییەکان نەماوە و کارامەیی خۆیان لە دەست داوە. ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە که بەرپرسانی وادە و بەڵێنی خۆڕایی بە خەڵک دەدەن.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها باسی کێشەی ئابووری، بێکاری، تەمەنی خۆپیشاندەران و پرسی دیکە کراوە، کە هۆکاری خۆپیشاندانەکان لە ئێرانن و ئەگەر چارەسەر نەکرێن هەڕەشەیەک بۆ سەر مانەوەی ڕێژیمن.

ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران، دژ بە ڕێژیم لە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامن و ڕێژیم هەڕەشە لە خەڵک دەکات، کە درێژە بە خۆپیشاندانەکان نەدەن.