کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بێشکچی: لە عەفرین خیانەت ناکرێ بۆیە ناکەوێ

20:40 - 7 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ئیمساعیل بێشکچی کەسایەتیی کۆمەڵناس و سیاسیی ‏دۆستی کورد، لە بارەی هێرشی تورکیه بۆ سەر عەفرین باسی لەوە کردووە کە لە کەرکووک خیانەت کرا و لە عەفرین خیانەت نییە، بۆیە عەفرین ناکەوێ.

ئیسماعیل بێشکچی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گەزەتەدوڤارـی تورکیه ڕاگەیاندووە، عەفرین شاری کوردانە و گەلی کورد و خەڵکی شارەکە، دەیپارێزن و خۆیان بەرامبەر ھێرشی تورکیەدا ڕادەگرن و له شاری کەرکووک لە ١٦ـی ئۆکتۆبەردا خیانەت کرا، بۆیە شارەکە داگیر کرا، بەڵام لە عەفرین خیانەت ناکرێ و عەفرین وەک کەرکووک ناکەوێت.

بێشکچی باسی لەوەش کردووە، ڕووسیه داوای لە پارتی یەکیەتیی دێموکرات (پەیەدە)، باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە که لە ئەمریکا دوور بکەوێتەوە و ھاوکاریی ڕژێمی سووریه بکات، بەڵام پەیەدە ئەو داواکارییەی ڕەت کردووەتەوە که ھاوکاری ڕێژێمی سووریە بکات، بۆیە ڕێژێمی سووریە و ڕووسیه بەو ئۆپراسیۆنەی تورکیە لە دژی عەفرین ڕازی بوون.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا دەوڵەتی تورکیە دوای ماوەیەکی زۆر هەڕەشە و گوشار کە بە ڕوونی ڕایگەیاند کە هێرش دەباتە سەر کوردستانی سووریە و لە ناوچەی عەفرینەوە دەست پێ دەکا، هەڕەشەکانی خستە بواری کردەییەوە و بە چەکی قورس و فڕۆکە و تۆپباران هێرشی کرده سەر کوردستان و لەو نێوەدا گیانی خەڵکی سیڤیلیش کەوتووەتە مەترسیەوە و بە دەستپێکردنی هێرشی زەمینیی ئەرتەشی تورکیەش بۆ سەر عەفرین، ئەگەری ئاوارەبوونی هەزاران کەسی هەیە.