کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دانڵد ترامپ: ئامریکا پشتی خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران بەر نادات

14:33 - 11 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە یەکەمین ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا بۆ کۆنگرە ڕایگەیاند: ئێمە لە پشت خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێرانین کە دلێرانە بۆ ئازادی دەجەنگن.

شەوی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان، دانڵد ترامپ لە کۆنگرەی ئامریکادا ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی پێشکەش کرد و تێیدا بەتایبەتی لەسەر هەڵوێستی واشنگتۆن بەرامبەر بە ئێران دوا.

لەم ئاخاوتنەدا، ناوبراو بە ڕوونی باسی لە ناڕەزایەتی دەربڕینە خەڵکییەکانی مانگی ڕابردووی ئێران کرد و وتی: ئێمە هاوکات لەگەڵ ئەوەیکە پێوەندییە دۆستانەکانمان، لەگەڵ جیهان بەهێزتر دەکەین، سەبارەت بە دوژمنەکانمان ڕۆشنگەریش دەکەین.

ناوبراو وتوویەتی: کاتێک کە خەڵکی ئێران دژ بە جینایەتەکانی ڕێژیمە گەندەڵەکەیان ڕابوون، من بێدەنگ نەبووم؛ ئامریکا لە پشتی خەڵکی ئێرانە و خەباتی دلێرانەیان بە خەبات بۆ ئازادی دەزانێ.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیشیدا جارێکی دیکە پڕژایە سەر بەرنامەی ناوکی ئێران و داوای لە کۆنگرە کرد کە کەمایەسییەکانی ڕێککەوتننامەی ناوکی دەسنیشان بکەن.

ڕۆژی ڕابردووش ترامپ لە دانیشتنیدا لەگەڵ باڵوێزەکانی شۆرای ئەمنیەت، باسی لە کۆمەڵێک چالشی ئەمنیەتی لە جیهاندا کرد و داوای لێکردن بە یارمەتی هەمەلایەنە کۆتاییان پێ بهێنن.

ئەو چالشە ئەمنیەتییانەی کە ناوبراو دەسنیشانی کردبوون بریتی بوون لە: بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییەکانی کۆماری ئیسلامی کە بوونەتە هۆکاری ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین، خەبات بە دژی تێرۆریزم، کۆتایی هێنان بە شەڕی سوریە و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆرەی باکور لەمەڕ وەدەستخستنی چەکی ناوکی.