کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی دامەزرانی کۆمار کوردستان لە بریتانیا بەڕێوە چوو

15:20 - 11 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ بۆ یادی ٢ی ڕێبەندان ساڵیادی دامەزرانی کۆمار کوردستان لە وڵاتی بریتانیا بەڕێوە چوو.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری مەنچێستێری وڵاتی بریتانیا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەم وڵاتە لە ڕێوڕەسمێکی بەشکۆدا یادی ٢ی ڕێبەندان، ٧٢هەمین ساڵڤەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستانی بەرز ڕاگرت.

ڕێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی هونەرمەندی گەورەی کورد ناسر ڕەزازی و بەشداریی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و بەگشتی کوردانی دانیشتووی بریتانیا بەڕێوە چوو.

بەرنامەکانی ئەم ڕێوڕەسمە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد .

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەک لە فەرید دەیهیم ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و گزینگ نوورانی نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان ئاماژەیان بە گرینگی ئەو بۆنەیە و نێوەڕۆک و بەشەکانی ئەو ڕێوڕەسمە کرد.

پاشان وتاری کۆمیتەی حیزبی دێموکرات بەو بۆنەوە لە لایەن ڕامبود لوتفپووری بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا .

لوتف‌پووری لە وتەکانیدا وێڕای ئاماژە بە چۆنیەتی دامەزرانی کۆماری کوردستان و تایبەتمەندییە دیمۆکراتیک و مۆدێڕنەکانی ئەو دەسەڵاتە، باسی لەو بەستێن و هەلومەرجە لەبار و نالەبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییانەی ئەو سەردەمە کرد، کە کۆماری کوردستانی تێدا دروست بوو.

ناوبراو لەم بەشە لە قسەکانیدا وتی: ڕاستە کە کۆماری کوردستان لە شەوەزەنگی سەرەڕۆیی و بیابانی نەزانی و دواکەوتوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک چرایەک بوو بە ڕێپیشاندەری ئازادی و پێشکەوتن، بەڵام هەژاریی کولتووری و نزمبوونی ئاستی وشیاریی سیاسی و نەتەوەییی خەڵکی کوردستان لەو سەردەمە و نەگونجاوبوون و ناهاوتەریبییان لەگەڵ ستراکتۆری پێشکەوتووی کۆمار و تایبەتمەندییە مۆدێڕنەکانی، وەک هۆکارێکی نێوخۆیی بەستێنیان بۆ ڕووخانی کۆمار خۆش کرد.

لوتفپووری لە بەشی دووهەمی وتارەکەیدا تیشکی خستەسەر بارودۆخی ئێستای هەر چوار بەشی کوردستان و ئاماژەی بەو دەرفەت و هەڕەشانە کرد، کە بەرەوڕووی کورد بوونەتەوە و وتی: دەسکەوتەکانی کورد لە دە ساڵی ڕابردوو و بەتایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای نیشتماندا بە توندی داگیرکەران و دوژمنانی کوردی تووڕە کردووە و پیلانێکی نگریس و مەترسیداریان بۆ شکاندنی شکۆی کورد و لەباربردنی هەموو هیوا و دەسکەوتەکانی داڕشتوە کە قۆناغی یەکەمی لە کەرکووک و باشووری کوردستان جێبەجێ کرا و ئێستاش خەریکن قۆناغی دووهەمی لە عەفرین بەڕێوە دەبەن.

سەرەکیترین مەرجی دەربازبوون لەم قۆناغە و سەرکەوتن بەسەر ئەم پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەش پێداچووونەوە بە دۆخی ئاسایشی نەتەوەیییە، واتە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لە سەرووی قازانج و بەرژەوەندی حیزبی و تاکەکەسی و یەکگرتوویی نێوماڵی کوردە.

دواتر بەشی دووهەمی بەرنامەکانی ڕێوڕەسمەکە دەستی پێ کرد کە بریتی بوون: لە چەند سروود و گۆرانییەک کە لە لایەن هەر کام لە هونەرمەندان شەهرام گەرمێنی، شێرکۆ مەریوانی و مامۆستا ناسری ڕەزازییەوە پێشکەش کران و بەشداربووانیش بە هەڵپەڕکێ و دەربڕینی شادی ئەم یادە پیرۆزەیان بەرز نرخاند.

لە دوایین بڕگەدا، هاوڕێ قادر تەربیەت ئەندامی کۆمیتەی حیزب و ڕێکخەری ڕێوڕەسمەکانی کۆمیتە وێڕای پیرۆزبایی دووبارەی ئەو بۆنە پیرۆزە و سپاسی ئامادە بوونی بەشداربووان کۆتایی بە رێوڕەسمەکە هێنا.