کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن ڕوحانی خولێکی نوێ لە چەواشەکارییەکانی دەسپێکرد

14:24 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیم ساڵیادی شۆڕشی ساڵی ٥٧ی، کردە دەرفەتێک بۆ چەواشەکاری و خۆڵ لە چاوی خەڵک کردن.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١١ی ڕێبەندان، حەسەن ڕوحانی سەرکۆماری ڕێژیمی تاران، بە پێداگرتنەوە لەسەر ئەوەیکە، هیچ کات ئیزن نادەین سەرەڕۆیی جارێکی دیکە بۆ ئێران بگەڕێتەوە ڕایگەیاند: گەڕانەوە بۆ سەردەمی ڕەشی پێش شۆڕش، ئەستەم و نەشیاوە.

ئەم قسانەی ناوبراو لە کاتێکدان، کە لە دوایین خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئێراندا، کە زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێرانی گرتەوە، خەڵکی ناڕازی، پەشیمانی خۆیان لە ئەنجام دانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ دەربڕیبوو؛ یەکێک لە درووشمە سەرەکییەکانی خەڵک بریتی بوو لە: چە اشتباهی کردم کە انقلاب کردم (چ هەڵەیەکم کرد کە شۆڕشم کرد).

ڕوحانی لە بەشێکی دیکە لە چەواشەکارییەکانیدا وتوویەتی: هیچ کەسێک ناتوانێ ڕێگری لە خەڵک بکات کە ڕای خۆیان دەرببڕن و ئێعتراز بکەن؛ لە درێژەشدا وتوویەتی: هۆکاری ڕووخانی حکومەتی پاڵەوی ئەوە بوو، کە قسە و ڕەخنە و ئێعترازی خەڵکی نەبیست.

ئەم بەشە لە قسە نەستەقەکانی ڕوحانی، دوابەدوای ئەوە دێتە ئاراوە، کە هەنووکە ئێعترازێکی هاوشێوە و تەنانەت ڕادیکاڵتر لە سەردەمی رەزشا، لە ئێراندا لە ئارادایە، بەڵام ڕێژیم گوێی خۆی لێ کپ کردووە و لە ئاست ویستەکانی خەلک کەڕ بووە!

حەسەن ڕوحانی لە کاتێکدا دەڵێ: هیچ کەس ناتوانێ پێشگیری لە خەڵک بکات تاکوو ئێعتراز بکات، کە لە ڕەوتی ئێعترازەکانی ئەم دواییانەی ئێران، هێزە سەرکووتکەر و داپڵۆسێنەرەکانی رێژیم بەو پەڕی تووندوتیژییەوە، وەڵامی داخوازەکانی خەڵکیان دایەوە و جیا لە گرتنی هەزاران کەسی سڤیل، زیاتر لە 2٥ هاووڵاتیش تەنیا بە تاوانی مافخوازی کوژران.