کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوکمی زیندانییەکی کورد کەم کرایەوە

16:18 - 12 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: حوکمی زیندانیی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، بۆ ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری کەم کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیریی زیندانییەکی سیاسیی کورد، بە ناوی حاسڵ عەزیزی لە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای ورمێ، بۆ ٢٠ ساڵ کەم کرایەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە کە خاوەنی ٢ منداڵە بەبێ ئەوەیکە دان بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکەیدا بنێت، ئەم حوکمەی بەسەردا سەپاوە.

تۆمەتی وەپاڵدراوی ناوبراو بریتییە لە هاوکاری کردنی حیزبێکی دژبەری ڕێژیم.

حاسڵ عەزیزی وێڕای چەند کەسی دیکە بە ناوەکانی هیدایەت عەبدوڵاپوور، محەممەد زاهید فەرامەرزی، یەعقووب بائیکەرام، جەلال مەسرووری، کەمال مەسرووری و سدیق بائیکەرام پاش حەماسەخوڵقێنی قارەمانانی دێموکرات، لە گوندی قەرەسەقەڵی شنۆ، لە جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی دەسبەسەر کرا.

لە ڕەوتی دادگاییە فەرمایشییەکانی پەروەندەی ئەم کەسانە، هیدایەت عەبدوڵاپوور بە ئێعدام و ئەو کەسانەی دیکە بە ١٠٠ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

بەوتەی کەسانی نیزیک لەم زیندانییانە حوکمە داسەپاوەکانی بەسەر ئەم زیندانییانە بە گوشار و زەختی ناوەندە ئیتلاعاتییەکانی ڕێژیم بووە.