کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەرانی مەجلیس ڕاپۆرتێکی چەواشەکارانەیان لە سەر ڕەوشی زیندانەکان ئامادە کرد

14:56 - 13 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەپێی ڕاپۆرتی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم، پاش سەردانیان بۆ زیندانی ئێڤین، هیچ کێشەیەک بۆ دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە نێو زیندانەکاندا نەهاتۆتە پێش!

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی آفتاب یزد لە هەواڵێکدا بڵاوی کردۆتەوە، ئەسغەر جەهانگیر سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ڕێژیم، بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە کە هیچ کەسێک، لە دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە نێو زیندانەکاندا نەکوژراون.

لە کاتێکدا کە بەپێی ڕاپۆرتە بڕواپێکراوەکان، لانیکەم ٦ کەس لە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییانە لە نێو زیندانەکانی رێژیمدا کوژران، سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند، کە تەنیا یەک کەسیان بە مردوویی ڕادەستی بنەماڵەکەی کراوە، ئەویش خۆی بە نایلێکس کوشتووە!

ماڵپەڕی ئیرنا لەمبارەوە بڵاوی کردۆتەوە، کە لێژنەی نوێنەرانی مەجلیس لە دۆخی نێو زیندان ڕازی بوون و لە کۆتایی سەردانەکەشیاندا وتوویانە: نێو زیندان، هیچ کێشەیەکی نییە و تەنیا کێشەیەک کە هەیە کەمی بودجەیە!

ئەم هەواڵە گاڵتەئامێزە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە، کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتەکانی لێبوردنی نێونەتەوەیی و چاوەدێری مافی مرۆڤ لە زیندانەکانی سنە، ئێڤین، دێزفول و ئەراک چەندین هاووڵاتیی سڤیل، بەدەستی هێزەکانی رێژیم کوژران.

مانگی ڕابردوو، ئەم ڕەوشە هەڵایساوەی نێو زیندانەکان کارێکی وای کرد کە تەنانەت مەحمود سادقی، بەناو نوێنەریی رێژیم لە مەجلیس، هاتە دەنگ و هۆشداری دا، کە ئەگەری درووست بوونی کەهریزەکێکی تر لە ئارادایە.