کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ حیزبوڵڵا و حەماس دووپات دەکاتەوە

14:59 - 13 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕاوێژکاری ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، کە پشتیوانییەکانیان بۆ حیزبوڵڵا و حەماسی لوبنانی بەردەوام دەبێت.

عەلی‌ئەکبەر ویلایەتی، ڕاوێژکاری پلەبەرزی ڕێبەری ڕێژیمی ئیران، لە بواری کاروباری نێونەتەوەیی، بوون و دەستێوەردانی ڕێژیمەکەی لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی پشتڕاست کردووە و جەختیشی لەوە کردۆتەوە، کە سەرەڕای هەڕەشەکانی ئامریکا و وڵاتانی عەرەبی بۆ سەر ئێران بە مەبەستی وازهێنان لە دەستێوەردان لە لوبنان، وڵاتەکەی لە پشتیوانی و بەهێز کردنی سیستماتیکی حیزبوڵڵا و حەماسی لوبنان بەردەوام دەبێت.

ویلایەتی لە کۆنفڕانسی قوتابیان بۆ پشتیوانی لە ئینتیفازەی فلستین بەشداری کرد و لە ئاخاوتنەکانیدا ڕایگەیاندووە: خۆتان نیگەرانی چەند کەسێک مەکەن کە بوونەتە داردەستی بەکرێگیراوان و لە سەرشەقام دروشمی (نە غزە، نە لبنان، جانم فدای ئیران) دەڵێنەوە، پشتیوانی لە ئینتیفازەی لوبنان یەکێک لە ئارمانە سەرەکییەکانی ئیمام خومەینییە و ئێمەش لە پشتیوانی خۆمان لە حیزبوڵڵا و حەماسی لوبنانی بەردەوام دەبین.

ناوبراو نەیشاردۆتەوە کە حیزبوڵڵای لوبنان بە هۆی پشتیوانی و یارمەتییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە بەهێز بووە، هەروەها لەو دیدارەدا وتەیەکی سکرتێری گشتیی جیهادی ئیسلامیی فلستینی وەک شانازی وڵاتەکەی بۆ بەشداربووان باس کردبوو، کە کاتی شەڕی غەزە رەمەزان عەبدوڵڵا شەلەح ڕایگەیاندبوو: لە نانی خواردن هەتا فیشەکەکانمان ئێران دابینی دەکات.

ویلایەتی ڕوو لە خەڵکی ناڕازیی ئێران کە کاتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، دروشمی نە غزە، نە لبنان، جانم فدای ایرانیان وتبووەوە، وتوویە: ئەوانە بێعەقڵ و بەکرێگیراوی دۆژمنانن.

هەر لەم پێوەندییەدا، دامەزراوەی نێودەوڵەتی بەرگری لە دێمۆکراسی لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندبوو، کە ڕێژیمی ئێران ساڵانە بڕی ٧٠٠ تا ٨٠٠ میلیۆن دولاری ئامریکایی یارمەتی حیزبوڵڵای لوبنان دەکات.