کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باڵێکی دیکەی سپای پاسداران خرایە لیستەی تێرۆر

14:26 - 14 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا، بزوتنەوەی الصابرینی فلستینی خستە لیستەی تێرۆرەوە که لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی لێدەکرێت.

وزارەتی دەرەوەی ئامریکا، ڕێکەوتی ٣١ی ژانویەی ٢٠١٨ زایینی، بزوتنەوەی الصابرینی فلستینی که لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت و له ناوچەکەدا وەکوو باڵێکی سپای پاسداران چالاکی دەکات، خستە لیستەی تێرۆرەوە.

بزوتنەوەیالصابرین گرووپێکی میلیشیاییە که لایەنگری ڕێژیمی ئێرانە و به پاڵپشتی ئابووری و نیزامی سپای پاسداران، له ڕاستای سیاسەتەکانی ڕێژیمی ئێران چالاکی دەکات؛ ئەم بزوتنەوەیە به فەرمی پاڵپشتی خۆی له ڕێژیمی ئێران ڕاگەیاندووە و وەکوو حیزبوڵای‌ لوبنان، بە ئاشکرایی باس له پەیوەندی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە دەکات و زۆرجار دەسخۆشی لە کۆماری ئیسلامی کردووە له هەمبەر ناردنی پارە و چەکوچۆڵ بۆیان.

بزوتنەوەیالصابرین وەکوو لقێکی سپای پاسداران به ئەژمار دێت و لەو پەیوەندییەدا، سایتی مشرق که سەر به سپای پاسدارانه، له ڕاپۆرتیکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە گرووپی الصابرین نزیکترین گرووپی فلستینییە به گوتاری ڕێژیمی ئێران.

سپای پاسداران به دروست کردن و پاڵپشتی کردنی گرووپە تێرۆریستییەکان له ناوچەکه، گەورەترین هۆکاری تێرۆر و ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی نێوڕاستە و لق و پۆپەکانی له زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە سەرقاڵی ڕاپەڕاندنی ئەرکە تێرۆریستییەکانی تارانن.