کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نزیک به ٥٠٠٠ کەس لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی گەلانی ئێران دەسبەسەر کراون

15:41 - 14 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ئەندامێکی کۆمیسیونی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیم، ڕایگەیاندووە که له ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە، نزیک به ٥٠٠٠ کەس دەسبەسەر کراون.

عەلیڕەزا ڕەحیمی، ئەندامی کۆمیسیونی ئەمنییەتی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، دوای سەردانی هەندێک له نوێنەرانی مەجلیس بۆ زیندانەکان، ڕایگەیاندووە که له ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ئێران، له مانگی بەفرانبار، ٤٩٧٢ کەس دەسبەسەر کراون و ئاماژەشی بەوە کردووە که ٥٥ کەسیش لە لایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە گیراون.

ئەمە له حاڵێکدایە که بەرپرسانی ڕێژیم، لە سەر دەسبەسەر کراوان و زیندانییەکان ئامارێكی ڕوون بڵاو ناکەنەوە و به هیچ شێوەیەک باس له ئەشکەنجه و کوژرانی دەسبەسەرکراوان نەکراوە و زۆر کەس هەن که هەتا ئێستە چارەنووسیان دیار نییە و بنەماڵەکانیان له بارودۆخ و شوێنیان ئاگادار نین.

هەروەها ئاماژە به گیراوانی دەستی وەزارەتی ئیتلاعات و به تایبەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران ناکرێت و ئەم دوو دامەزراوەی ڕێژیم قەد باس له شێوەی دەسبەسەر کردن و زیندانەکانیان ناکەن کە زۆرجار بەشێوەی سەربەخۆ دەسبەسەرکراوان ڕادەگرن و ئەشکەنجەیان دەدەن.

قسەکانی عەلیڕەزا ڕەحیمی لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە ئەسغەر جەهانگیر، سەرۆکی ڕێکخراوی زیندانەکانی ڕێژیم، بە هەواڵدەرییەکانی ڕاگەیاندووە هیچ کەسێک، لە دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە نێو زیندانەکاندا نەکوژراون و هیچ کێشەیەکیش بۆ دەسبەسەرکراوانی ئەم دواییانە لە نێو زیندانەکاندا نەهاتۆتە پێش!