کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێپێوانی کوردانی دانیشتووی یونان بۆ پشتیوانی لە عەفرین

15:36 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەمەبەستی پشتیوانی لە خەڵکی سڤیلی عەفرین و ئیدانەکردنی هێرشی بێبەزەییانەی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر خەڵکی ئەم شارە، کوردانی دانیشتووی یونان ڕێپێوانی ئێعترازییان وەڕێخست.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کوردانی چوار پارچەی کوردستان، بەمەبەستی ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیە، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە شاری ساڵۆنیکی یونان، ڕێپێوانی ئێعترازییان وەڕێخست و لە بەردەم ماڵی ئاتاتۆرک کۆبوونەوە.

بەپێی ئەم هەواڵە، جگە لەوەیکە خۆپیشاندەران ئاڵای سی ڕەنگی کوردستانیان دەشەکاندەوە، لەم ڕێپێوانەدا کۆمەڵێک درووشمی وەک: بژی کوردستان، یەکە یەکە یەکە کوردستان یەکە، بژی پێشمەرگە بژی عەفرین، عەفرین ناکەوێ وتراوەتەوە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەردەوام کوردانی تاراوگە، لە چوارچێوەی گەیاندنی دەنگی مافخوازی گەلی کورد لە وڵاتانی ئۆرووپاییدا ڕێپێوان و خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە، کە لە نێویاندا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات نەخش و دەوری بەرچاویان گێڕاوە.