کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مردنی ٢٥ هەزار کەس له ئێراندا، بە هۆی پیس بوونی هەوا

15:57 - 16 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بە هۆی پیس بوونی هەوا لە ئێراندا، لە ساڵی ١٣٩٥ی هەتاوەییەوە هەتا ئێستە، ٢٥ هەزار کەس مردوون.

جێگری وەرزیری بێهداشتی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٥ ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، ڕایگەیاندووە، که لە ساڵی ڕابردوودا به هۆی پیس بوونی هەوا، ٥ هەزار کەس له تاران و ٢٠ هەزار کەس لە شارەکانی دیکەی ئێراندا مردوون.

عەلیڕەزا ڕەئیسی، لە پرێسکونفڕانسێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی نێوخۆیی ئیسنا باسی لەوە کردووە، که زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران، تووشی کارەساتی پیس بوونی هەوا بوونە و خەڵک دەبێت ئاگاداری ئامارەکانی ڕێژەی پیس بوونی هەوا ببن.

کەشوهەوا و ژینگەی شارە گەورەکانی ئێران، به هۆی گەورە بوونی ناستاندارد و زۆربوونی حەشیمەت و بەرهەمهێنانی بێسنووری ماشین و ڕەوانە کردنیان بۆ نێو بازاڕ لە لایەن ڕێژیمەوە قەیراناوییە.

جیا لەوەش هاتنی تەپوتۆز بۆ نێو ئێران بەتایبەت لە کوردستان و ناوچە عەرەب‌نشینەکاندا و لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس و گواستنەوەی ئاوی کوردستان بۆ بیاوانەکانی نێوەڕاستی ئێران و وشکەساڵی، کوردستان و باشووری ئێرانی لەگەڵ مەترسی جیددی بەرەوڕوو کردووە، کە ڕێژیم لەسەر قەیرانی پیس بوونی هەوا تەنیا ئاماژە بە تاران دەکات و باس لە پێکهێنانی کۆمیتەی تایبەت بۆ بڕیاردان لەسەر هەوای پێتەخت دەکەن.