کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڵاوبوونەوەی نەخۆشی لە نێو لێقەوماوانی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان

15:41 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە عوفونییەکان و گەناوری ئەسپێ لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان، تەندروستی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ مانگ لە کارەساتی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان، هێشتا زۆربەی خەڵک لە ژێر خێوەتەکان، بە کەمترین پێداویستی ژیان بەتایبەت پێداویستییە بێهداشتییەکان دەژین؛ هەروەها نەبوونی ئاودەست و حەمام، بڵاوبوونی نەخۆشییە عوفونییەکانی لێ دەکەوێتەوە.

بێهزاد ئەمیری، بەرپرسی ئیدارەی چاوەدێریی ناوەندی نەخۆشییە گشتگرەکانی وەزارەتی بێهداشت، لەسەر بارودۆخی تەندروستی و بێهداشتی ئەو ناوچانە، وتوویەتی: کە بڵاوبوونی گەناوری ئەسپێی سەر نەخۆشییەکە کە هۆکارەکەی نەبوونی بێهداشتە و نەخۆشییە عوفونییەکان و بەتایبەت مێزەڕۆ لە نێو ئاوارەکان ڕووی لە زیادبوونە کە زۆرتر ژنان تووشی بوونە.

پێشتریش ئیبراهیم شەکیبا، بەرپرسی ناوەندی بێهداشتی پارێزگای کرماشان هۆشداری دابوو، کە ئەگەر بێهداشتی ژیانی لێقەوماوەکان هەر بەم شێوەیە بچێتە پێش، دەبێ لەو ناوچانە چاوەڕوانی ئپیدمی نەخۆشییەکانی پێستی و عوفونی بین؛ هەروەها جێگری بێهداشتی زانکۆ پزیشکیی کرماشانیش لە سەردانێکیدا لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان باسی لەوە کردووە، کە لەو ناوچانە مەترسی بڵاوبوونی نەخۆشییەکانی: میکرووبی، ڕیخووڵەیی، سکچوون، هپاتیت و حەسەبە هەیە و ئەگەری هەیە کارەساتێک گەورەتر لە بوومەلەرزەکە بێتە ئاراوە.

بەگشتی بە هۆی کەمتەرخەمییەکانی ڕێژیم و گرنگینەدان بە ژیانی لێقەوماوان کە بڕیاری نۆژەنکردنەوە و سەرپەرشتی ئەو ناوچانە به سپای پاسداران دراوە، ژیانی خەڵکی کەوتووەتە مەترسییەوە و تەنیا بەشێک لە بەرپرسانی ڕێژیم هۆشداری دەدەن و بە کردەوە هیچ دیار نییە.