کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مێعمارێکی بۆکانی پلەی یەکەمی \"چالش ریترنا\"ی بەدەست هێنا

16:15 - 17 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: مێعمارێکی خەڵکی شاری بۆکان، لە کێبڕکێی چالش ریترنا ٢٠١٨ پلەی یەکەمی بەدەست هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، عەبدولڕەحمان کەدخودا ساڵحی مێعماری بۆکانی لە چوارەمین خولی کێبڕکێی مێعماری چالش ریترنا ٢٠١٨ ماڵی بچووک، بە دیزانی Wave house پلەی یەکەمی ئەو کێبڕکێیەی بەدەست هێنا.

ئەو کێبڕکێیە لە لایەن کۆمپانیای ریترنا (RYTERNA) بە بەشداری ١ هەزار و ٤٧٢ کەس بەڕێوە چوو، کە ٥٧٥ کەس بە شێوەی تاکەکەسی و کەسەکانی دیکە بە شێوەی گرووپی لە ٨٨ وڵاتی دنیادا بەشدارییان کردبوو.

ئەو مێعمارە کوردە، بە دیزانی Wave house کە بە شێوەی تاکەکەسی بەشداری کردبوو، توانی پلەی یەکەمی ئەو کێبڕکێیە بەدەست بێنێت.

کەدخودا ساڵحی لە بارەی ئەو دیزانەیەدا باسی لەوە کردووە، کە ئەو شێوە خانووبەرەیە بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان گونجاوە.

ناوبراو بڕوانامەی کارناسیی باڵای مێعماری لە زانکۆی ئازادی مەهاباددا وەرگرتووە.

چالش ریترنا ٢٠١٨، خانووبەرەیەکی بچووکە کە سەرجەم ٢٥ میتری چوارگۆشە پانتایی هەیە، کە دەبێ سەرجەم بەشەکانی خانووبەرەیەکی تێدا جێ بێتەوە.