کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەوڵێکی نوێ بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتری کوردستان

14:32 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی ڕێژیم بەردەوامە لە ناردنی ‌هێزی زیاتر بۆ ناوچە سنوورییەکانی کوردستان.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا؛ سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٨ی ڕێبەندان هێزێکی پۆشتە و پەرداختی ڕێژیم، سەر بە سپای پاسداران لە شاری سەقزەوە، بەرەو شاری بانە وەڕێکەوتن.

گواستنەوەی ئەم هێزەی ڕێژیم، کە بریتی بوون لە چەندین ئۆتووبووس و ماشینی نەفەرهەڵگری سەربازی، هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکانی دەیەی بەناو فجر و لە بەرەبەری ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان ئەنجام دەدرێت.

چالاکانی سیاسی پێیان وایە ئەمجۆرە هەوڵانەی ڕێژیم لە کوردستان، دوو ئامانجی سەرەکی لە پشتە: یەکەم هەوڵێکی نەزۆکە بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک و دووهەم خۆئامادەکردنی ڕێژیمە، بۆ هەر ئەگەرێک لە ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٢٢ی ڕێبەندان.

شاری بانە جیا لە سنووری بوونی لەگەڵ کوردستانی باشوور، لە چەند ساڵی ڕابردوودا یەکێک لە ناوەندەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین بووە لە دژی ڕێژیم و ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی ئاستی نیگەرانییەکانیان.