کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێهەمین کۆبوونەوەی \"ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران\" بەڕێوە چوو

15:46 - 18 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سێهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا بەشداری کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرەستیی محەممەد نەزیف قادری ئەندامی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکرات، لە سێهەمین کۆبوونەوەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، کە لە بنکەی سەرکردایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەڕێوە چوو، بەشدارییان کرد.

لەو دانیشتنەدا ویڕای باس لە بریاڕ و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوو، جەخت لەسەر پرنسیبەکان و هێڵە گشتییەکانی هاوکاری کرا و بەتایبەت لەسەر مەسەلەی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و دابین کردنی دێموکراسی و مافی نەتەوایەتی لە کوردستانی ئێران باس کرا.

دواتر ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەسەر تەوەرە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کرا و جەخت لەسەر هاوکاریی و هاوئاهەنگی بۆ نێوخۆی کوردستانی ئێران کرایەوە و مەسەلەی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانە و ڕۆڵی بەرچاوی ژنان بە بایەخەوە باسی لێ کرا.

لەو کۆبوونەوەیەدا هەروەها باس لەوە کرا، کە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، دەبێ هەوڵ بدات بەپێی ئەو پرنسیبانەی کە لەسەری ڕێک کەوتوون هێز و لایەنە سیاسییەکان بانگهێشت بکرێن و لە نزیکەوە لە بۆچوون و ڕوانگەکانیان ئاگادار ببنەوە، هەروەها لەسەر ٢١ی فێورییە، ڕۆژی زمانی دایکی کار و هاوئاهەنگی پێویست ئەنجام بدرێت.

هاوکات سپاس لەو هێز و لایەن سیاسییانە کرا کە پیرۆزبایییان بۆ ناوەندی هاوکاری ناردبوو و ئامادەیی و هاوکاریی خۆیان ڕاگەیاندووە.

دواتر چەندین خاڵ وەک بەرنامەی کاری بۆ هەرچی چالاکترکردنی کارەکانی ناوەند دیاری کران و به پێکهێنانی پرێسکۆنفڕانسێک کۆبوونەوەکە کۆتایی پێ هات.