کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی شاری مەهاباد تاڵانچییه

14:13 - 20 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ئیدارەکانی میراتی فەرهەنگیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان خۆیان ئاسەوارە مێژووییەکان تاڵان دەکەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی شاری مەهاباد، کارمەندانی ئەو ئیدارەیە خۆیان دەستیان لە دزین و تاڵانکردنی میراتە مێژووییەکاندا هەیە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند، لە ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی شاری مەهەباد، دوو کەس بە ناوەکانی ئا، شین و کاف، ئا، دەستیان بە تاڵانکردنی میراتە فەرهەنگییەکانی کوردستان کردووە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا گووتی: ئا، شین و کاف، ئا، دوو کارمەندی ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی شاری مەهابادن که خۆیان لە مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمن و دەستیان لە تاڵانکردنی ئاسەوارە مێژووییەکاندا هەیە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوش کرد کاف، ئا خەڵکی گوندی سەهۆڵانی مەهابادە و ئێستاش کارمەندی ئیدارەی میراتی فەرهەنگی لە شاری مەهابادە.

زۆربەی ئاسەوارە مێژووییەکان لە کوردستان لە لایەن کەسان و مۆرەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە تاڵان دەکرێت و سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران یەکێک لە سەرەکیترین مافیای بازرگانی بە ئاسەوارە مێژووییەکانه.

کارناسانی ئاسەوارناسی لەو بڕوایەدان، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا نەک هیچ هەنگاوێکیان لەمەڕ پاراستنی ئاسەوارە مێژووییەکان لەپێش نەگرتووە بەڵکوو خۆیان بەشێک لە هۆکاری ڕووخان و لە ناوچوونی ئەو ئاسەوارانەن.

سیاسەتی پشتگوێخستنی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەبارەی ئاسەوارە مێژووییەکان وای كردووە كە ڕەوتی لەنێوچوونی میراتە مێژوویی و فەرهەنگییەكانی ئێران و بەتایبەتیش کوردستان خێراییەكی زۆری بە خۆوە گرتووە.