کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

په‌یامی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گەلانی ئێران

20:55 - 20 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گەلانی ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

له ‌کاتێکدا له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی ٣٩ ساڵەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران بۆ ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری ڕێژیمیێکی ئازاد و دێموکراتیک نزیک ده‌بینه‌وه‌ کە خەبات بۆ ڕزگاری و ئازادی، قۆناغێکی نوێی بڕیووە.خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌ جەماوەرییەکانی ٧ی بەفرانبار و ڕۆژانی دواتری کاریگەری گەورەیان لە ئاستی کۆمەڵگا و دەسەڵاتی دیکتاتۆری داناوە و سیمایه‌کی تازه‌ی خه‌باتکارانه‌یان به‌ بزووتنه‌وه‌ی حه‌قخوازانه‌ی گه‌لانی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و هەلپێچانی سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە ئێران به‌خشیووه‌.

ئاخێزی بەرین و به‌ربڵاوی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێران ئەگەرچی لە ناڕەزایەتی بە دۆخی نالەباری ژیان و مەعیشەتی خەڵکەوە بوو، بێگومان بەرهەمی سیاسەتی چەوت و گەندەڵیی ئابووریی داڕماو و ڕانتی و قۆرغکراوی سپای پاسداران و دام و دەزگا ئەمنییەتییەکانی سەر بە بەیتی خامنەیین کە هەر زۆر زوو ئاراستەیەکی سیاسیی بەخۆوە گرت و بەشداریی جەسوورانە و ماناداری ژنان، کرێکاران، خوێندکاران و باقی چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگا هیوایەکی تازەیان بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران بەخشیووە. ناوەڕۆکی ئەو خۆپیشاندانانە و پانتاییە جوگرافیاییەکەی لە چاو خۆپیشاندانەکانی پێشووتری ئێران دەریان خست کە ئێران و خەباتی سیاسی و مەدەنی پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێووە. سەرەکی‌ترین بەرهەم و تایبەتمەندییەکانی ئەو قۆناغە: داماڵینی مەشرووعییەت لە سیستمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لە هەر دوو باڵی ئیسڵاحخواز و بناژۆخواز و هه‌روه‌ها کۆتایی هێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و داڕمانی هەیمەنەی ڕێژیم و لە بەرامبەریشدا بەرزبوونەوەی ورەی خەباتکارانەی خەڵکی بە زاڵە هاتوو، سەڵماندی قەڵای دیکتاتۆرییەت لە بەرانبەر هێز و ئیرادەی جەماوەردا، چه‌ند لاواز و زەبوونه‌.

ئاشکرایە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە دڕێژایی تەمەنی نگریسی لە هیچ ئامراز و شێوازێک بۆ سەرکوت و داپڵۆسین، کوشتن و بڕین و زیندان و ئێعدام درێغی نەکردووە، بەڵام نەیتوانیووە هەستی ئازادیخوازی له‌ ئێران بکوژێت. بۆیە پاش تۆمارکردنی مێژوویه‌کی ڕەش و کەڵک وەرگرتن لە هەموو دام و دەزگا سەرکوتکەرەکانیەوە، بە هەموو پرۆپاگاندەی میدیایی و ئیرشاد و سیستمی پەروەردەکەیەوە نەیتوانی ئاراستەی ویستی خەڵک و ئامانجەکانی شۆڕشی ساڵی ٥٧ کە بریتی بوون له‌ نەهێشتنی هەڵاواردنی ڕەگەزی و چینایەتی، به‌هره‌مه‌ندی کەمایەتییە ئیتنیکی و نەتەوەییەکان لە مافه‌ ڕەواکانیان، و هه‌روه‌ها دەستەبەرکردنی مافی ژنان، ئازادیی تاک و به‌ گشتی بونیاتنانی ئێرانێکی ئازاد و دێموکرات و سکۆلار، بگۆڕێت.

لە ساڵیادی ٣٩ سالەی ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا بە چاوخشاندێکی کورت به‌ بارودۆخی سیاسی و ئابووریی ئێرانی ژێر ده‌سه‌لاتی کۆماری ئیسلامی به‌ڕوونی ده‌رده‌که‌وێت که‌ چۆن بەڕێوەبەرانی ئەو ڕێژیمە ئاوات و ئامانجه‌کانی شۆڕشی جه‌ماوه‌رییان به‌ لارێدا برد و به‌ دواکه‌وتووترین یاسای سه‌رده‌م حاشایان له‌ ماف و ئازادییه‌کان کرد و وڵاتیان نوقمی گەندەڵی، دزی و تاڵان و بڕ و وێرانی کردووه‌. هەڵاوسانی ڕوو لە زیاد بوون و بەتاڵتربوونەوەی سندووقی پاشه‌کەوت، وەرشکستەیی بانکەکان، نوشستیی ئابووری و بێکاری و... ئابووریی ئێران و تەنانەت ڕێژیم و دەسەڵاتیشی بە بن‌بەست گەیاندووە و ته‌نها ئاسۆی گه‌ش و هیوا به‌خش بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران و چاره‌سه‌رکردنی ئەو کێشانه‌ گۆڕانی سیسته‌می سیاسییه‌، که‌ ئه‌مرۆ به‌ پانتایی ئێران بزووتنەوە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی (ژنان، خوێندکاران، لاوان، ژینگەپارێزی، کرێکاران و...) تێیدا لە گەشە سەندنی بەرچاودان. کەشی ترس و تۆقاندنی داسەپاوی دەیان ساڵەی ڕێژیم شەقی گەورەی تێکەوتووە و خەڵک ترسیان ڕژاوە. لە ئاستی دەرەکیی و ناوچەییشدا ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی گەورەی چارهەڵنەگر بەرەوڕووە. پشتیوانیی ئاشکرای لە تێرۆریزم، ئاژاوەگێڕی و شەڕەنگێزیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە، بۆ دنیا ئاشکرایه‌ و درێژه‌دانی ئه‌م سیاسه‌ته ‌چیدیکە قبوول ناکرێن.

بزووتنەوەی مافخوازانه‌ی کوردستان بە تایبەتمەندییە پێشکەوتنخوازانەکانی کە هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ پێشەنگی خەبات بۆ ڕووخانی ڕێژیمی تۆتالیتێر و دیکتاتوری کۆماری ئیسلامی بووه‌، بێ گۆمان لە داهاتووشدا ئەرکی گەورەی لەو بوارە لە ئەستۆ دەبێت.

بە تێگەیشتنی دروست لە هەلومەرجی ئێستا و ئەرکمان لە بەردەم ئەم گۆڕانە گەورە کۆمەڵایەتی و سیاسییە لە ئێران، لەم بڕوایە داین کە یەکێتی ، یەکڕیزی و هاوهەڵوێستیی هەموو ئازادیخوازان و ئۆپۆزیسیۆنی کورد و ئێرانی بۆ سەرخستنی ئەرک و ڕاسپاردە مێژووییەکانیان و پشتیوانی لە بزووتنەوە جەماوەرییەکان پێویستییەکی چارەنووس ساز و حاشاهەڵنەگرە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای بەرز نرخاندنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ٥٧ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دێموکرات و سیکۆلار و دادپەروەر، پشتیوانی لە خەباتی خەڵک بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ئازادییەکانیان و سەرەنجام گۆڕینی ڕێژیمی سیاسی لە ئێران دەکات و خۆی بە پاڵپشتی هەر بزووتنەوەیەکی دێموکراسیخوازانه‌ ده‌زانێت بۆ لاوازکردن و هه‌لپێجانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و لە سەر پێویستی هاوکاری و هاوپشتی و هاوخەباتیی هەموو خەباتکاران و ئازادیخوازانی ئێران پێداگری دەکاتەوە.

سه‌رکه‌وێت بزووتنه‌وی رزگاریخوازانه‌ی گه‌ڵی کورد
بڕووخێت ده‌سه‌ڵاتی کۆنه‌په‌ر‌ستی کۆماری ئیسلامی له‌ ئیران

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٩ی رێبه‌ندانی ١٣٩٦ی هه‌تاوی
٨ی فێوریەی ٢٠١٨ی زایینی