کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەتا ئێستە ٩٥ مووشەکی بالستیکی بەرەو عەرەبستان هاوێژراون

15:49 - 24 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: هاوپەیمانەتی عەرەبی ڕایگەیاندووە، کە حووسییەکان، هەتا ئێستە ٩٥ مووشەکی بالستیکییان بەرەو عەرەبستان هاویشتووە.

تورکی مالکی، وتەبێژی هاوپەیمانەتی نیزامی عەرەبی، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٢ی فوریەی ٢٠١٨ی زایینی، ڕایگەیاندووە، کە میلیشیاکانی حووسی ٩٥ مووشەکی بالستیکییان بەرەو عەرەبستان هاویشتووە و زۆرجار تانکرەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی و سامانە گشتییەکانی خەڵکی یەمەن دەکەنە ئامانج.

وتەبێژی هاوپەیمانەتی عەرەبی، باسی لە ئۆپراسیۆنەکانی هاوپەیمانەتی بە دژی میلیشیا حووسییەکان لە سنوورەکانی یەمەن و عەرەبستان کردووە، کە لەو شەڕە زەربەی قورسیان لە حووسییەکان داوە و ٦ فەرماندەی باڵای حووسییەکان کۆژراون و ئاماژەی بەوە کردووە، کە هاوپەیمانەتی عەرەبی بە هاوکاریی کۆمەلگەی جیهانی، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ تێ دەکۆشێت.

مووشەکە بالستیکییەکان، لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، وەکوو پاڵپشتی سەرەکیی میلیشیا حووسییەکان، بۆ یەمەن و وڵاتانی ناوچەکە و جیهان دەنێردرێت و لەم بارەوە لە حاڵی لێکۆڵینەوە لەسەر پاشماوەی مووشەکە بالستیکییەکانن و هەندێک بەڵگە دەریخستووە، کە ئەو مووشەکانە سازکراوی ئێرانن.