کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەری پێشووی کاناڵ یەکی ڕێژیم، بە تۆمەتی \"فساد فی‌الارض\" ئێعدام کرا

16:09 - 24 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەری پێشووی کاناڵ یەکی ڕێژیم و بەرپرسی پێشووی کۆلیژی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم، بە تۆمەتی فساد فی‌‌الارض ئێعدام کرا.

کەریم زەرگەر کە لە ڕەزبەری ساڵی ٩٤دا بە تۆمەتی پروپاگاندە و پەرەدان بە بیرۆکەی عرفانی اکنکار و فساد فی‌الارض دەسبەسەرکرابوو، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، بە دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان ئێعدام کرا.

کەریم زەرگەر لە دایکبووی شاری ئەحواز بوو کە حقوقی قەزایی لە زانکۆی تاران تەواو کردبوو و هەڵگری بڕوانامەی دوکتورای حقوقی دەریایی لە زانکۆی ئستراسبۆرگی فەرانسە بوو؛ ناوبراو بەرپرسی گشتی دەنگ و ڕەنگی دەرەوەی سنووری ڕێژیم بووە و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری کاناڵ یەکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم بووە و بەرپرسایەتی کۆلیژی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی لە ئەستۆ بووە.

ناوبراو یەکێک لەو کەسانە بووە، کە لە دەزگای ڕاگەیاندنی ڕێژیمی ئێران، زۆر خزمەتی بە سیاسەتە میدیاییەکانی ڕێژیم کردووە، بەڵام کاتێک کە ڕێژیم زانی چیدیکە توانای جێبەجێ کردنی سیاسەتەکانی نەماوە، دەسبەسەریان کرد و دواتر بەم شێوەیە ئێعدامیان کرد.

ئەم شێوازە لە هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ کەسایەتییە دیارەکانی نێو سیستم، کە زیاتر وەک پاکانەحیساب دێتە ئەژمار، بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی بیندراوە؛ زۆرێک لە بەرپرسان و تەنانەت بناغەدانەرانی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی، لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەی نهێنی و بە بیانووی جۆراوجۆر، لە نێو براون.