کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆڵبارین ژیانی بەلووچییەکانی خستووەتە مەترسییەوە

13:57 - 26 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: خۆڵبارین لە شاری زاهدان سەر بە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە ٩٠ قاتی ئاستی ئاسایی و ٣٠ قاتی ئاستی قەیرانی گەیشتووە.

نیشاندەرەی خۆڵ و تەپوتۆز لە ئاسمانی زاهدان، بە ١٣٥٦٨ میکرۆگرەم لە مێتری سێجا گەیشتووە، کە ٩٠ قاتی ئاستی ئاسایی و ٣٠ قاتی ئاستی قەیرانە. ئاستی ئاسایی خۆڵ و گەردیلەکان لە ئاسماندا ١٥٠ میکرۆگرەم لە مێتری سێجایە.

لەم پێوەندییەدا، ڕەزا ئازادمەنش، کارناسی کەشوهەوای پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ڕاگەیاندووە، خێرایی و وەزینی با هەنووکە ٦٥ کیلۆمێتر لە کاتژمێرێکە، کە بووەتە هۆی ئەوەی کە لە فڕۆکەخانەکان ئاستی بینینی ئاسۆیی هەتا ٨٠٠ مێتر کەم بێتەوە.

پارێزگاکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی ئێران ساڵانێکە، کە بە هۆی وشک بوونی ڕووبار و تاڵاوەکانەوە بوونەتە ناوەندی بەرهەمهێنانی خۆڵ و تەپۆتۆز.

ئەگەرچی بەرپرسانەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لەم بارەوە وادە و بەڵێنی زۆریان بە خەڵکی ئەو پارێزگایانە داوە، بەڵام هەتا ئێستە هیچ کام لەو بەڵێنانە کردەوەیی نەبوون.

کارناسان بەراوردی ئەوەیان کردووە، ئەگەر لەو پێوەندییەدا هەنگاوێکی کاریگەر و ئەرێنی هەڵنەگرێت، خەڵکی ئەو ناوچانە ناچار بە کۆچ دەبن و ئەم پارێزگایانە وەکوو چۆڵگەیەکی لێ دێت، کە ئەمەش قەیرانی جۆراوجۆر و مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.