کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا: ئێران دەبێت سەبارەت بە مردنی سەید ئێمامی ڕوونکردنەوە بدات

20:33 - 26 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: وەزارەتی دەرەوەی کانادا، داوای لە ئێران کردووە، لەبارەی مردنی کاووس سەید ئێمامی لە زیندانی ئێڤین، ڕوونکردنەوە بدات.

کریستیا فریلەند، وەزیری دەرەوەی کانادا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە ڕاگەیندراوێکدا، سەرەڕای دەربڕینی نیگەرانی وڵاتەکەی، لەهەمبەر مردنی کاووس سەید ئێمامی لە زیندانی ئێڤین، داوای لە ڕوونکردنەوەی لە ڕێژیمی ئێران کردووە.

وەزیری دەرەوەی کانادا ڕایگەیاندووە، کە پێشتر وڵاتەکەی، نیگەرانی خۆی سەبارەت بە پەروەندەی سەید ئێمامی ڕاگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە کردووە کە کانادا تەواوی هەوڵی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆ وەرگرتنی زانیارییەکانی ئەو پەروەندەیە.

کاووس سەید ئێمامی، مامۆستای زانکۆ و چالاکی ژینگەپارێزی، کە یەکێک لە هاووڵاتییە دوو ناسنامەییەکان (ئێرانی –کانادایی) بوو، لە سەرەتای مانگی ڕێبەنداندا بە تۆمەتی سیخوڕی لە لایەن ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و دوای دوو حەوتوو بە شێوەی گوماناوی، هەواڵی مردنی لە زیندان بڵاو کرایەوە.

هەر سەبارەت بەم پرسە، لیندا فرۆم سێناتۆری کانادایی ڕەخنەی تووندی لە وڵاتەکەی گرتووە کە لەهەمبەر مردنی ئەم کۆمەڵناسە ئێرانی – کاناداییە دژکردەوەی شیاوی نەبووە؛ ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە لێدوانی بەرپرسانی کانادایی، نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و خوازیاری گواستنەوەی تەرمی کاووس سەیدئێمامی بۆ کانادا بووە، تاکوو بتوانن لە هۆکاری مردنی بکۆڵنەوە.

ئەم لێدوان و هەڵوێستانەی کانادا لە کاتێکدان کە عەباس جەعفەری دەوڵەت‌ئابادی دۆزگری گشتیی تاران ڕۆژی سێ‌شەممە ڕایگەیاندبوو: کاووس سەید ئێمامی سیخوڕ بووە و پێوەندیی بە سیای ئامریکا و موسادی ئیسرائیلەوە هەبووە.

بە سیخوڕ لەقەڵەم دانی سەید ئێمامی، لەکاتێکدایە کە حەسەن فیروزئابادی ڕاوێژکاری بەرزی سەربازی خامنەیی، لە دژکردەوە بە هەواڵی دەسبەسەرکردنی چالاکانی ژینگەپارێزی وتوویەتی: ئەوانەی بەناوی گەشتیار و ژینگەپارێز دێنە وڵاتەکەمان سیخوڕن و هەوڵی ناسینی سیستمی بەرگری وڵاتەکەمان دەدەن.