کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە کەڵکی لە چەکی شیمیایی بەدژی عەفرین وەرگرتووە

14:20 - 29 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: چاوەدێری مافی مرۆڤی سوریە، دەوڵەتی تورکیەی بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی شیمیایی لەدژی گوندێکی ناوچەی عەفرین تۆمەتبار کرد.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سوریە و کوردەکانی ناوچەی عەفرین ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٧ی فێوریە وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایانگەیاند: لە ئەنجامی ئەم هێرشەی تورکیەدا لانیکەم ٦ کەس بریندار بوون کە بە وتەی پزیشکان، تووشی ژەهراوی بوون هاتوون.

هەواڵی برینداربوونی ئەم ٦ کەسە، لەلایەن هەواڵدەریی فەرمی سوریەشەوە پشتڕاست کراوەتەوە؛ لە بەرامبەریشدا ئانکارا بە فەرمی ئەم هەواڵانەی ڕەت کردۆتەوە و ڕایگەیاندووە: تورکیە لە ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیدا، بەهیچ شێوەیەک کەڵکی لە چەکی شیمیایی وەرنەگرتووە.

لە مانگی ڕابردووەوە ئەرتەشی تورکیە، ئۆپەراسیۆنێکی لەژێر ناوی چڵی زەیتوون لەدژی کوردەکانی سوریە دەست پێکردووە و شەڕێکی ماڵوێرانکەر، لەم ناوچانە دەستی پێکردووە کە بەهۆیەوە دەیان کەس لە هەر دوولا کوژراون یان بریندار بوون.