کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران چاوی لە داهات و سامانی خەڵکی سووریە بڕیوە

15:01 - 29 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران کە هۆکاری کوشتار و ئاوارەیی خەڵکی سووریەیە، چاوی تەماحی لە سامان و ماڵی خەڵکی بێدەرەتانی سووریە بڕیوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر یەحیا سەفەوی، ڕاوێژکاری تایبەتی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، لە کاروباری نیزامی، لە لێدوانێکدا لە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، وتوویەتی: دەبێت تێچووەکانمان لە سووریە لە ڕێگەی نەوت، گاز و فوسفاتـی ئەو وڵاتە بۆ بگەڕێتەوە.

ناوبراو هەروەها باسی لەوە کردووە، کە عێراق و سووریە شوێنی ململانێی ئامریکا و ڕووسیە وەکوو زلهێزەکانی جیهان و هەروەها ئێران، عەرەبستان و تورکیە وەکوو زلهێزەکانی ناوچەکە بووە.

سەفەوی لە بەشێکی دیکەی لە قسەکانیدا وتوویەتی: هاوپەیمانەتی ئێران و ڕووسیە نەیانهێشت حکوومەتی بەشارئەسەد بڕووخێت و لە هەمبەر ئامریکا، ئیسرائیل و عەرەبستان سەرکەوتین.

قسەکانی ئەم بەرپرسەی ڕێژیم هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ئەمنییەتیی مونیخ بووە، کە لە زۆربەی بەشەکانی ئەو کۆنفڕانسەدا، لە ڕێژیمی ئێران وەکوو هۆکاری ناسەقامگیری و ئاژاوەگێڕیی ناوچەکە ناوی لێ براوە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، کە ئێران، سووریە، تورکیە و عێراق ڕێگا نادەن دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکەدا بیچم بگرێت، مەگەر ئەوەی کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی فورات ئەو شوێنەی کە ئامریکاییەکان هەن، دەوڵەتێکی خودموختار وەکوو ئەوەی ئێستە لە عێراقدا هەیە، دروست بکرێت.