کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل پێکهێنانی دەوڵەتی کوردی بە پێویست دەزانێت

16:48 - 2 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: دیپلۆماتکارێکی ئیسرائیلی باسی لەوە کردووە کە کورد وەکوو نەتەوەیەکی ٤٠ میلیۆنی، دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت.

دۆری گۆلد، دیپلۆماتکاری ئیسرائیلی، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی فێوریەی ٢٠١٨ی زایینی، لە سمیناری کۆڕبەنی ڤاڵدای بۆ وتووێژی نێودەوڵەتی لە مۆسکۆ، باسی لەوە کردووە کە وڵاتەکەی بە دوای چارەسەرکردنی کێشەی کوردەوەیە لە ناوچەکە کە بەسەر چەند وڵاتدا دابەش کراون.

ئەو دیپلۆماتکارە ئیسرائیلییە، ئاماژەی بەوە کردووە کە کورد وەکوو نەتەوەیکی ٤٠ میلیۆن کەسی لە ناوچەکەدا بەسەر چەند وڵات دابەش کراوە و ئەو وڵاتانەی کە کورد بەسەریاندا دابەش کراوە لە بەرامبەر کورد هەڵە دەکەن.

وڵاتی ئیسرائیل زۆرجار پاڵپشتی خۆی لە پێکهینانی دەوڵەتی کوردی لە ناوچەکە ڕاگەیاندووە و بنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتەش سەرەرای دەربڕینی پاڵپشتی وڵاتەکەی لە کورد، زۆرجار لە دانیشتنە نێونەتەوەییەکاندا، ئاماژەی بە کێشەی کورد لە ناوچەکە کردووە، تەنانەت نتانیاهوو لە چەندین دانیشتن لەگەڵ شاندی ئامریکایی، باس لە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کردووە.

بەرپرسانی ئیسرائیلی زۆرجار زۆرجار باسیان لەوە کردووە کە کورد سەلماندوویەتی ئاشتیخوازە و دامەزرانی دەوڵەتی کوردی دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە.