کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران لەپشتی هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دایە

21:14 - 2 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە دانیشتنی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، جەختی کردووەتەوە کە دەستی ڕێژیمی ئێران لە پشت قەیرانەکانی یەمەن، سووریە و لوبناندا ئاشکرایە.

نوێنەری ئامریکا، نیکی هێلی، لە کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەدا جارێکی دیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە هۆکاری هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناو بردووە.

هێلی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا وتوویەتی: بە وردبوونەوە لە قەیرانەکانی سووریە، یەمەن، لوبنان، میسر و هەروەها بەردەوامی و بنەبڕنەکرانی داعش، دەست و ڕۆڵی ڕێژیمی تێرۆریست پەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دیار و بەرچاوە، بەڵام بەداخەوە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان نایبینێت.

ئەو کۆبوونەوەیە بە مەبەستی چارەسەریی کێشەی فەلەستین ڕێک خرابوو، نیکی هێلی لە بەشێک لە قسەکانیدا وتوویەتی، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تەنیا فەلەستین نیە و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەوە خەریکە هەڵەیەکی گەورە دەکات.

لەو دانیشتنەدا، مەحموود عەباس، بەرپرسی دەوڵەتی خودگەردانی فەلەستین داوای لە شۆرای ئەمنییەت کردووە تا دەوڵەتی فەلەستین بە فەرمی بناسرێ و هەروەها داوای کردووە کە ئورشەلیم وەکوو پێتەختی فەلەستین قەبووڵ بکریت.

لە بەرانبەر قسەکانی مەحموود عەباس‌دا، نیکی هێلی ڕایگەیاندووە، زێدەخوازی و دەربڕینی هەڕەشەئامیز هەرگیز بە سوودی فەلەستینییەکان نیە و ئورشەلیم وەک پێتەختی ئیسرائیل بڕیاری ئێمەیە و نەگۆڕە، ناوبراو هەروەها وتوویەتی، فەلەستینییەکان تەنیا دوو ڕێگایان لە بەردەمدا هەیە: یان ڕوو دەکەنە وتوووێژ و سازان و یان ڕێگای سەخت و ئازاری شەڕ هەڵدەبژێرن.

لەو دانیشتنەدا، دەنی دنۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕوو لە مەحموود عەباس وتوویەتی: ئێوە بەشێک لە چارەسەری نین، بەڵکوو ئێوە خودی کێشەکەن.