کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خەڵکی کوردستان ڕێزیان لە ٢ی ڕەشەمە گرت

14:37 - 4 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ڕێکخراو و چالاکانی فەرهەنگی و ئەدەبدۆستانی کورد لە ڕۆژانی ڕابردوودا بەشێوەی جۆراوجۆر ڕێزیان لە ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی گرت.

ناوەندی فەرهەنگی-هونەریی ڤــەژین پاش بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی زمانی زگماکی، کە تێیدا باس لە گرینگی ئەم ڕۆژە و پێویستی هەوڵدان بۆ پاراستنی زمانی دایکی دەکات لە هەوڵێکی کەم وێنەدا دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی تراکتی تایبەت بە ڕۆژی دووی ڕەشەمە لە نێو خەڵکی سەر شەقام.

هەروەها ڕێکەوتی ٢ی رەشەمە ناوەندی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی زاگرۆس لە شاری سنە بە بۆنەی رۆژی زمانی دایکی رێوڕەسمێکی تایبەتی، بەبەشداری دەیان کەس لە ئۆگرانی زمانی دایکی بەڕێوە چوو.

هەر هەمان ڕۆژ و هەر لەم پێوەندییەدا چەندین کەس لە چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنی شاری سنە، بە نووسین و هەڵگرتنی پلاکارد چوونە بەردەرگای ناوەندی پەروەردە و بارهینانی شاری سنە و داکۆکیان لە خوێندن بە زمانی دایکی کرد؛ دواتر چوونە نێو ئیدارەی ئاماژەبۆکراو و داواکاری خۆیان گەیاندە بەرپرسانی ئیدارەی پەروەردە و بارهینانی پارێزگای سنە.

لەلایەکی دیکەشەوە ڕۆژی چوارشەممە واتە ۲ی ڕەشەمە ڕێوڕەسمێک بەم بۆنەوە لە زانکۆی پەیام‌نووری مەریوان بەڕێوە چوو کە تێیدا دوکتۆر ئەنوەر نەویدییان وەکوو وتاربێژ لە بواری دەروونناسییەوە، کاریگەری و ڕۆڵی خوێندن بە زمانی دایکی شرۆڤە کرد.

هەر لەم ڕێوڕەسمەدا لە لایەن بەڕێوەبەرانی پۆلەکانی فێرکاریی زمانی کوردی، بڕوانامەی فێربوون و سەرکەوتن بەو خوێندکارانە درا کە لەم خولانەدا بەشدار بوون.

ئەنجومەنە زانستییەکانی زانکۆی پەیام‌نووری مەریوانیش لە دووتوێی ڕاگەیەندراوێکدا ، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی باسی لەوە کردووە کە پەروەردەیەک کە بە زمانی دایکی نەبێت، مرۆڤ دەخاتە دۆخی لە‌خۆدابڕانەوە و کەسێک کە پەروەردەی بە زمانی خۆی نییە، نە لە نێو زمانەکەی خۆیدا لێهاتوویی بیرکردنەوەی دەبێت و نە ئامرازەکانی بیرکردنەوە لە زمانی سەردەستەوە وەردەگرێت. لەسەر ئەم بنەمایە دەتوانین بڵێین پەروەردە لە کۆمەڵگایەکدا بە زمانێکی جگە لە زمانی ئەو کۆمەڵگایە دەبێتە لەمپەرێک لە بەردەم پێشکەوتن و پەرەسەندنیدا، بۆیە عەداڵەتی زمانی لە کۆمەڵگا فرەزمانەکاندا، بۆ پێشکەوتن و پەرەسەندن پێویستە.

پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە هێزی تایبەتی حیزبی دێموکراتیش لە شاخەکانی کوردستان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆیان بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بەبەشداری فەرماندە نیزامییەکانی هێزی پێشمەرگە، کادری سیاسی و نیزامی و پێشمەرگەکانی هێزی تایبەت بەڕێوە برد کە تێیدا چەندین وتار لە لایەن بەڕێوەبەرانی ڕێوڕەسمەکە تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی خوێندرایەوە و باس لە گرینگی و بایەخی زمانی دایکی کرا.