کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی ئێران لە هەشت سۆنگەوە

15:33 - 4 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بە پێی ڕاپۆرتی ساڵانەی لێبووردنی نێونەتەوەیی ڕێژیمی ئێران لە چەندین سۆنگەدا مافی مرۆڤی پێشێل کردووە.

لێبووردنی نێونەتەوەیی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، بارودۆخی مافی مرۆڤی لە ١٥٩وڵات و بەتایبەت ئێران، بۆ ساڵی ٢٠١٧ی زایینی تاوتوێ کردووە.

مارگارت هوانگ بەرپرسی بەشی ئیجرایی ئەم ڕێکخراوە، ڕایگەیاندووە: ئەو ١٥٩ وڵاتە یان بۆ خۆیان پێشێلکاری مافی مرۆف بوون، یان داوایان لە کەسانی دیکە کردووە کە مافی مرۆڤ پێشێل بکەن.

ئامانج لەو کارە گرینگیدان بە شۆڕش و تێکۆشانی خەڵکە بۆ مسۆگەر کردنی مافەکانیان، کە بە پێی ئەو توێژینەوەیە دەرکەوتووە ڕێژیمی ئێران لە هەشت بەشدا مافی مرۆڤی پێشێل کردووە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، بە داخەوە لە بەشی ئازادی ڕادەربڕین، کۆبوونەوە و ڕێکخراوەکان، زۆربەی ڕەخنەگران، ناڕازیان، هەواڵنێران، چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، قوتابیان، فیلمسازان، موزیسیەن، نووسەران، چالاکانی مافی مرۆڤ، چالاکانی ژینگە پارێزی، چالاکانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، چالاکانی مافی ژن، کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان، دژبەرانی یاسای لەسێدارەدان، پارێزەران و ئەو کەسانەی کە هەوڵی ئەوەیان داوە تا ئەو کەسانەی کە دەستیان لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکانی دەیەی ٦٠ی هەتاوی هەبووە بە سزای کردەوەکانیان بگەن، دەسبەسەر و زیندانی کراون.

بەرپرسانی ڕێژیم بە هەزاران کەسیان کە لە مانگەکانی پێشوو بە نسبەت بارودۆخی خراپی ژیان لە دەیان شاری ئێراندا ناڕەزایەنییان دەربڕی، قۆڵبەست و زیندانی کردووە، کاناڵی تلگرام وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر تەناهی میللی ناسێندراوە و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و تویتێر و یوتیوب داخران، بەرپرسان هێرش دەکەنە سەر میوانییەکان و لە ئاستێکی زۆر بەرینیشدا سانسۆر لەو وڵاتە بەڕێوە دەچێت.

سەبارەت بە ئەشکەنجە و سزادانەکان لە ئێران، ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی نیگەرانی خۆی بە نسبەت بەردەوامی و ئاسایی بوونەوەی ئەو ئەشکەنجانە لە ئێران دەربڕیوە، زیندانی کراوان بەردەوام لە لایەن ئیتلاعات و سپای پاسدارانەوە لە ژوورە تاکەکەسیەکاندا ڕادەگیرێن و بە توندی ئەشکەنجەی جەستەیی دەدرێن، ئەم جۆرە کردەوانە بە پێی پلان و بە مەبەستی پەشیمانی دەربڕینی (تۆبە) زیندانی ئەنجام دەدرێن.

جۆرێکی دیکەی سزادانەکان، بەڕێوە بردنی سزای شەلاق دانی گەنجان لە بەرانبەر چاوی هەمواندایە، بە تۆمەتی دزی، رۆژوو خواردن و هەروەها بەشداری کردنیان لە میوانییە ژێرزەوینییەکان.

بەڕێوەچوونی دادگاییە نادادپەروەرانەکان، پێشێل کردنی ئازادی ئایین و باوەڕە تاکەکەسییەکان، هەڵاواردنی نەتەوەیی و رەگەزی.

لە بەشی هەڵاواردن دژ بە کەمینە نەتەوەییەکان، بە وردی باسی نەتەوەکانی کورد، عەرەب، ئازەری، تورکەمەن و بەلوچ کراوە کە لە لایەن رێژیمی ئێرانەوە بە هەموشێوەیەک دەچەوسێنرێنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێن.

ئەو ڕاپۆرتە بە نسبەت پێشێل کرانی مافی ژنانەوە ڕایگەیاندووە، کە ژنان بە نسبەت مافی جیا بوونەوە، کار، میراتی هاوبەش و بەرانبەر لەگەڵ پیاوان و بەرپرسایەتییەکانی دیکە مافیان پێشێل دەکرێت.

بەڕێوەبردنی حوکمە نادادپەروەرانەکانی لەسیدارەدان لە بەرچاوی خەڵک، لەسێدارەدانی مێرمنداڵانی ژێر تەمەن ١٨ساڵ و هەروەها بەڕێوەبردنی حوکمی بەردباران و ... هتد، نموونەی ئەو نیگەرانییانەی ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی بوون.

ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لەو ساڵانەدا بە وردی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێرانی خستووەتە ژێر چاوەدێری خۆیەوە.