کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵسوکەوتەکانی بەرپرسانی ڕێژیم لەگەڵ کچانی شەقامی ئینقلاب توندوتیژتر بووە

16:26 - 5 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا:کچێکی ناڕازی بە یاسای خۆداپۆشینی زۆرەملی بە توندی کەوتە بەر هێرش و لێدانی هێزەکانی ڕێژیم و دەسبەسەر کرا.

دوانیوەڕۆی چوارشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، کچێک بە ناوی شاپەرەک شەجەریزادە دەستی دایە ناڕەزایەتی بە خۆداپۆشینی زۆرەملێ، کە لە لایەن پۆلیسەوە هێرش کرایە سەری.

ناوبراو کە لەسەر ترازێکی موخابرات ڕاوەستابوو، لە لایەن ئەفسەرێکی پۆلیسی ڕێژیمەوە فرێ درایە خوارێ، کە بەو هۆیەوە بریندار بوو.

نەسرین ستوودە کە ئەرکی پارێزەری ناوبراوی لە ئەستۆدایە، ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا نووسیویەتی کە شاپەڕەک لە بەندیخانەی شەقامی وەزیراندا کەوتووەتە بەر کوتان و لێدانی بەرپرسانی بەندیخانە.

نەسرین ستوودە هەروەها نووسیویەتی، هیچ پیاوێک نابێت هەڵسوکەوتێکی بەو شێوەیە لەگەڵ ژنێک بکات و بەپێی یاساش کاری ئەو ئەفسەرە کەڵکاژۆ وەرگرتنە لە پلە و بەرپرسایەتییەکەی، کە بە داخەوە هیچ هەڵسوکەوتێکی لەگەڵدا نەکراوە.

بڵاوبوونەوەی ویدیۆی ئەو هەڵسوکەوتەی پۆلیس لەگەڵ شاپەڕەک شەجەریزادە لە شەقامی قەیتەریەی تاراندا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایەتی کاربەرانی بەدواوە بووە، بەڵام لە بەرانبەردا پۆلیسی تاران تۆمەتی تێکدانی نەزمی گشتی و پێشیلکردنی یاسا و جووڵانەوە دژی شەرعی وەپاڵ ناوبراو داوە.

لە ڕاگەیەندراوی پۆلیسدا هیچ وڵامێک بەو پرسیارەی ڕەخنەگران کە بەپێی کامە یاسا دەستی داوەتە لێدان و فڕێدانی ژنێک لە بەرزاییەوە، نەدراوەتەوە.