کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مانگرتنی شارەکانی بانه و پیرانشار بەردەوامە

15:49 - 6 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: خەڵکی شارەکانی بانه و پیرانشار بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لەهەمبەر داخستنی بازاڕچە سنوورییەکانی ئەو شارانە تا ئێستا دەستیان لە مانگرتنی خۆیان هەڵنەگرتووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی شارەکانی بانه و پیرانشار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکانی ئەو دوو شارە لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە، مانیان گرتووە و دۆخی ئەو دوو شارە بە تەواوی میلیتاریزه کراوە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرته، دانیشتوانی ئەو دوو شارە ماوەی دوو ڕۆژه لەهەمبەر سیاسەتی داخستنی بازارچە سنوورییەکان، دەستیان داوەتە مانگرتن و ڕایانگەیاندووە کە تا کردنەوەی بازاڕچەکان دەست لە مانگرتن هەڵناگرن.

ڕاپۆرتەکانی باس لەوە دەکەن کە هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران، لە شەقام و کۆڵانەکانی ئەو دوو شارە جێگیر بوون و دۆخی ئەو دوو شارە بە تەواوی میلیتاریزە کراوە.

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٤ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، کاسبکاران، کۆڵبەران، بازاڕیان و چالاکانی مەدەنیی شاری بانه بۆ ناڕەزایەتیی دەربڕین بە داخستنی بازاڕچە سنوورییەکانی ئەو شارە لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و عێراق، بانگەوازێکی سەرانسەریان دژی ئەو کردەوەیە بڵاو کردەوە.
لەو بانگەوازەدا هاتبوو کە ڕۆژی شەممە ٥ی ڕەشەمە خەڵکی شاری بانە دژی ئەو کردەوەیەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و عێراق مان دەگرن.

لەو بانگەوازەدا ڕوو لە جەماوەری خەڵکی شاری بانە، هاتبوو: ستەم لێکراوانی کوردستان!

هەر وەک ئاگادارن، کوردستان بە تایبەت و ئێران بە گشتی لەژێر بارێکی سەخت و دژواری ئابووری و بژێوی ژیاندایه.

ناوچە سنوورییە کوردنشینەکان لەبەر نەبوونی هەلی کار، بە کاری دژواری کۆڵبەرییەوە سەرقاڵ بوون کە ساڵانە زۆر کۆڵبەر بە شێوەی نامرۆڤانە کوژراون؛ ئێستا بە داخستنی سنوورەکان ئەو هەلە دژوارانەی نانی مەرگیش بڕاوە؛ بۆیە داوا دەکەین خەڵکی شاری بانە و هەموو شارەکانی کوردستان و ئێران بە یەکدەنگی دوکان و بازاڕ دابخەن و تا گەیشتن بە مافە ئابوورییەکانمان لە ناڕەزایەتی و مانگرتن‌ بمێنینەوە.