کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێفورمخوازانی ئێران لە بەردەم تێغی ڕەخنە و پرسیارەکان

15:18 - 14 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: نە تەنیا ڕێفورمخوازان هیچ پێگەیەکیان لە لای خەڵکی ئێران نەماوە، بەڵکوو کەوتۆنەتە بەر ڕەخنە و بێزارییەوە و بەرەوڕووی چەندین پرسیاری جیددی بوونەتەوە.

ڕێفورمخوازانی ڕێژیمی ئێران (سەرانسەری و ڕێفورمخوازانی کورد) کە بە دروشمی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی ڕێژیم و کەمکردنەوەی دەستی سپا و ڕێبەری، ساڵانێکە تەنیا کاریان بووەتە فریودان و کۆکردنەوەی خەڵک بە دەوری سەندووقەکانی دەنگدان، بە مەبەستی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران، لەم ساڵانەی دواییدا نەک بایەخ و پێگەیان لە نێو جەماوەردا نەماوە، بەڵکوو بەرەوڕووی چەندین پرسیاری جیدی بوونەتەوە.

یەکەم: کە سەرچاوەی هەموو نەهامەتی و نەگبەتییەکانی خەڵکی ئێران بە هۆی دامەزرێنەری ئەو ڕێژیمە، واتە خومەینییە، وەک کەسی یەکەم و هۆکاری سەرەکی بەلاڕێدا بردنی شۆڕشی گەلانی ئێران و کوشتاری سیاسەتمەداران و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی ئێرانی، بە مەبەستی سڕینەوەی ڕەقیبەکان و ڕەخنەگرانی سیستمەکەی، بەڵام ڕێفورمخوازان ئێستەش وەکوو لێوەگر (مرجع) ناوی خومەینی دەبەن و بەردەوام سۆڕنای گەڕانەوە بۆ سەردەمی خومەینی لێ دەدەن.

دووهەم: ئایا سەرکردەکانی ڕێفورمخوازان کردەوەکانی خاڵخاڵی و کوشتارە بێبەزەییانەکانی ناوبراویان قەبووڵە؟ مەگەر ئەوە نەبوو کە خاڵخاڵی تا دوایین ڕۆژەکانی ژیانی، خۆی بە ڕێفورمخواز دەزانی، مەگەر ئەو خومەینییەی کە ڕێفورمخوازان وەک بوت دەیپەرەستن، خۆی ڕاستەوخۆ دادگا سەرەپاییەکان و کوشتارەکانی خاڵخاڵی قەبووڵ نەکردبوو؟

سێهەم: سەرانی ڕێفورمخواز بۆ هەتا ئێستە بە نیسبەت کردەوەی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ئامریکا، لە تاران بێدەنگن؟ کردەوەیەکی ئابڕووبەرانە کە ئێستەشی لەگەڵدا بێت دووکەڵەکەی بە چاوی خەڵکی ئێراندا دەڕوات، ئەگەر ئەمڕۆ سەرانی ڕێفورمخواز بیانەوێت ئەو کردەوەیە مەحکووم بکەن، چ وڵامێکیان بۆ خەڵکی ئێران هەیە، کە لە ئاکامی ئەو کردەوەیە تووشی خەساری ئابووری و گەمارۆی نێونەتەوەیی بوون.

چوارەم: ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، خومەینی بڕیاری کوشتاری بێبەزەییانەی چەند هەزار زیندانیی دا، بۆچی ڕێفورمخوازان هەتا ئێستا بێدەنگن؟ ئایا ئەو کردەوانەیان لا پەسەندە؟ ئەگەر نە بۆچی بە فەرمی مەحکوومی ناکەن؟

پێنجەم: بۆچی هەتا ئێستا سەرانی ڕێفورمخواز سەردانی ئەو بنەماڵانەیان نەکردووە، کە ڕۆڵەکانیان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە کوژراون؟

شەشەم: بۆچی دڵنەوایی هیچ مەزڵومێکیان نەداوەتەوە؟ بۆچی سەردانی بەهاییەکان، یان ئەو بنەماڵە کوردانە ناکەن، کە ڕۆڵەکانیان بەدەستی ئەو ڕێژیمە کوژراون؟

حەوتەم: ئایا ئەو هەموو خەسارەتە، ئەو هەموو پارە بەفێڕۆچووەی خەڵکی ئێران لە پێناو سازکردنی چەکی ناوکی بایەخی ئەوەیان نەبووە، کە سەرانی ڕێفورمخواز نووسراوەیەکی ڕەخنەگرانە لەو بارەوە بنووسن؟

هەشتەم: ڕێژیمی ئێران ئێستا لە سەرتاسەری جیهان بە ڕێژیمێکی تیرۆریستپەروەر و ڕێژیمێکی ترسناک دەناسرێت، ئایا ئەو کردەوانە و ئەو وێنا جیهانییە جێگەی پەسەندی ئێوەی ڕێفورمخوازە؟ بۆچی بێدەنگن؟ بەیتی ڕێبەری و سپای پاسداران چ بەڵایەکی دیکە بەسەر خەڵک بێنن کە شایەد ئێوە ڕێفورمخواز پێ تووڕە بن و دژکردەوەیەک ئەنجام بدەن؟

نۆهەم: ئێوە بە بێدەنگی بەردەوامتان نیشانتان داوە، کە لەگەڵ هەموو سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی، لە نێوخۆ و لە دەرەوە هاوڕان، بۆچی تا ئێستا بە نسبەت تێچووی ئەو هەموو پارانەی ئێران بۆ کوشتاری خەڵکی بێدەرەتان لە سووریە، یەمەن، لوبنان و .... خەرج دەکرێن، ڕەخنە ناگرن؟

ئەگەر خەڵکی ئەو وڵاتانە سبەی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێرانیان وەکوو تاوانباری سەرەکیی وێرانکاری و کوشتارەکانی وڵاتەکەیان بە سزای هەتاهەتایی و بە دانی پارەی سەرسامهێنەر مەحکووم کرد، بۆچی ئەو خەسارەتانە دەبێ لە گیرفانی خەڵکی نەدار و هەژاری ئێران بدرێت؟ خەڵکێک کە هیچ ڕۆڵێکیان لە پرۆسەی ناردنی ئینقلابی شێعەی بەیتی ڕێبەری و سپای پاسدارانی ئێراندا نەبووە؟

دەهەم: ئێوە ڕێفورمخواز، دەکرێت تەنیا یەک نموونە لە شیاوی و کارە باشەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوە باس بکەن؟ کە بەردەوام باس لە بنەمای کۆماری ئیسلامی بۆ خەڵک دەکەن.

یازدەهەم: ئەگەر ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان کە دژ بە کردەوە و کارنامەی ڕەشی کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ڕۆژانە بەردەوام ڕوو لە زیاد بوونە، لە کۆتاییدا ببنە هۆی ڕووخانی ئەو ڕێژیمە، ئایا ئێوە ئەو خەڵکە بە ڕووخێنەر ناو دەبەن؟ ئایا ئەگەر خەڵک بە میلیۆنان بۆ تێپەڕین و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هاتنە سەر شەقامەکان و پشتگیری نێودەوڵەتییان لەگەڵ بوو، ئێوەی ڕێفورمخواز لەگەڵ خەڵکن یان دیسان بۆ مانەوەی بنەمای کۆماری ئیسلامی ئێران دژ بەو خەڵكە ڕادەوەستن؟

ئێستاکە بە خۆشییەوە ڕوخسار و سیاسەتی ڕێفورمخوازانانی ئێرانی و کورد بۆ هەموو ئازادیخوازان ڕوون و ئاشکرا بووەتەوە و گەمەی سیاسیی باڵەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران کە تەنیا بە مەبەستی درێژکردنی تەمەنی ئەو ڕیژیمە بەڕێوە دەچن هیچ بایەخێکیان لای خەڵک نەماوە.

ناڕەزایەتییەکانی چەند مانگی ڕابردوو بە ئاشکرا دەریانخست کە ئازادیخوازان و خەڵکی ناڕازی ئێران لە ڕێفورمخوازان تێپەڕیون و بە هیچ شێوەیەک چی دیکە فریوی ئەو تاقمە دەسەڵاتخوازە ناخۆن.

ئامادەکار: نەوید کەرەمی