کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ؛ تێرۆری ئەندامانی حیزبی دێموکراتیان لە عێراق مەحکووم کرد

19:32 - 14 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ، سەبارەت بە دانانی بۆمب بۆ ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە باشووری کوردستان، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم پەیامە کە بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە بەم شێوەیە:

بەپێی زانیارییەکان دوانیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە ١٠ رەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بەرانبەر بە ٢ مارسی ٢٠١٨ زایینی، دوو کەس لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی سەلاح و سەباح ڕەحمانی خەڵکی شاری کامیاران لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری هەولێری کوردستانی باشوور، لە ئاکامی تەقینەوەی بۆمبێک کە بە ئوتۆمبیلەکەیانەوە لکێندرابوو، لە شارۆچکەی بنەسڵاوەی هەولێر کەوتنە بەر هێرشێکی تێرۆریستی و بەداخەوە لە ئاکامی ئەم کردەوە دژەمرۆیییەدا سەلاح ڕەحمانی بە توندی بریندار بوو و کوڕەکەی سەباح گیانی لە دەست دا.

شایانی باسە پێش لەم کردەوە نامرۆڤانەیە، چەندین جار ئەم فەرماندە بەئەزموونەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە لایەن بەکرێگیراوانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێ کرابوو.

کونگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ وێڕای مەحکووم کردنی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە و هەروەها ئاراستە کردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنەماڵەی بەڕێزی ڕەحمانی و هەروەها هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکەی ئەم کردەوە تێرۆریستییە، خوازیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لە لایەن بەرپرسان بۆ ڕوون بوونەوەی ئەم بابەتە بووە و هەروەها بە گرینگیدان بە پێشینە و هەڕەشەکان بەرانبەر بەم فەرماندەیە، دەکرێ ڕێژیمی دژەمرۆیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو یەکەمین بژاردە بەرچاو بکەوێت.