کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشاری هێزە ئینتزامییەکان بۆ سەر بنەماڵەی ڕاجی

15:23 - 15 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ڕاجی کردووە، کە دەبێت لە شەودا ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردن بەڕێوە ببەن.

محەممەد ڕاجی، کە یەکێک لە دەروێشەکانی گونابادی بوو، لە میانەی ناڕەزایەتییەکانی بەردەم ماڵی شێخ و گەورەی ئەم ڕێبازە دوکتور نوورعەلی تابەندە لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە، کە لە کاتی دەسبەسەر بوونیدا بە شێوەیەکی گوماناوی لە زیندانەکانی ڕێژیم، گیانی لە دەست داوە، لە لایەن هێزە ئەمنییەتی و ئینتزامییەکانی ڕێژیمەوە هەڕەشە لە بنەماڵەکەی کراوە، کە دەبێت تەرمەکەی بە شەودا بە خاک بسپێردرێت.

لەم پێوەندییەدا کچی ناوبراو بە هەواڵدەریی ڕادیو فردای ڕاگەیاندووە، کە هێزە ئینتزامییەکانی ڕێژیم، شەوی دووشەممە هۆشدارییان پێیان داوە، کە ئەگەر بە شەودا تەرمەکەی بە خاک نەسپێرن، تەرمی باوکیان پێ نادرێتەوە.

تەیبە ڕاجی کچی محەممەد ڕاجی، لەم بارەوە وتوویەتی: بەپێی وتەی هێندێ لە مەئموورانی هێزی ئینتزامیی ڕێژیم، باوکی بە هۆی لێدان و ئەشکەنجەوە چووەتە کۆما و گیانی لە دەست داوە.

لە پێوەندی لەگەڵ مەرگی گوماناویی محەممەد ڕاجی، دادگری ڕێژیم لە شاری تاران، عەباس دەوڵەت ئابادی، وتوویەتی: محەممەد ڕاجی لە کاتی تێکەڵچوونی نێوان دەروێشەکان و هێزە ئینتزامییەکان کوژراوە، لە حاڵێکدا جیا لە قسەکانی ئەندامانی بنەماڵەی ناوبراو، ماڵپەڕێ مجذوبان نور سەر بە دەروێشەکانی گونابادی، پێشتر هەواڵی کوژرانی محەممەد ڕاجییان لە کاتی لێپرسینەوە و لێکۆڵینەوە لە زیندانەکانی ڕێژیم بڵاو کردۆتەوە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییە دەرەکیی و نێوخۆییەکانی ئێران، ئەم دەروێشە، یەکێک لە فەرماندەکانی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە سەردەمی شەڕی نێوان ئێران و عێراق بووە و هەروەها یەکێک لە بریندارە کیمیاییەکانی ئەو شەڕەیە.