کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران بەتەمایە ئیمپراتۆری کۆن، سەرلەنوێ دابمەزرێنێتەوە

16:59 - 16 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە ئاخاوتنەکانی خۆیدا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نێوان وڵاتانی ئامریکا و ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە: خامنەیی بەتەمایە هەتا ئیمپراتۆری خۆی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابمەزرێنێت.

مایک پێنس جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەشەممەی ١٣٩٦ی هەتاوی، لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمیتەی کاروباری ئامریکا و ئیسرائیل، ناسراو بە ئیپک، ڕایگەیاندووە، کە ڕێژیمی ئێران بەتەمایە هەتا ئیمپراتۆریەتی کۆن لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دابمەزرێنێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، مایک پێنس لە بەشێک لە ئاخاوتنەکانیدا وتوویە: ئێران دەیەوێت ئیمپراتۆریەتی کۆنی ساسانییەکان لە سیمای دیکتاتۆریەتی شێعەکان دابمەزرێنێتەوە.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: کە ئامریکا بە هاوپەیمانە ئورووپاییەکانی خۆی ڕاگەیاندووە، ئەگەر بەرجام دەستکاری نەکرێت و پێش بە پرۆسەی ناوکی و بەرنامەی مووشەکیی ئێران نەگیردرێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا یەک لایەنە لەو ڕێکەوتننامەیە دەکشێتەوە.

مانگی ڕابردوو بە هۆی بەزاندنی سنووری ئاسمانی ئیسرائیل، لە لایەن فڕۆکەیەکی سیخۆڕی ڕێژیمی ئێران، تێکەڵچوونێک لە نێوان ئەو دوو وڵاتە لە خاکی سووریەدا هاتە ئاراوە، پێنس لەو بارەوە ڕایگەیاند: فڕینی پەهبادی ئێرانی لەسەر ئاسمانی ئیسرائیل، سنووربەزاندنێکی ئاشکرا بووە و پەرچەکرداری بەجێی ئیسرائیل پیشاندەری ئەوەیە، کە وڵاتی ئیسرائیل لە بەرانبەر ئەو جۆرە کارانەی ئێراندا بێدەنگ نابێت.