کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨ی مارس و بارودۆخی ژنان لە ئێراندا

15:30 - 17 رەشەمه 2717

پرسی ژن ئەمڕۆ یەكێك لە پرسە سەرەكییەكانی جیهانە ‌و بەردەوام چالاكانی ژن ‌و چالاكانی مافی مرۆڤ بۆ كەمكردنەوەی جیاوازییە ڕەگەزییەكان ‌و كەلێنی نێوان ژن‌ و پیاو هەوڵ دەدەن، بەڵام بەداخەوە لە ئێران بە هۆی بوونی رێژیمێكی دژەژن نە تەنیا ڕێگە بە چالاكانی ئەم بوارە نادرێت، بەڵكوو بەردەوام مافەكانی ژنان لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە پێشێل دەكرێت.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە سەرەتای هاتنە سەرکارییەوە و گەیشتنی بە دەسەڵات، ئیزنی فرەژنی، سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ، دانی مافی تەڵاق بە پیاوان، دانی پاداشت بە پیاوان لە کاتی جێبەجێکردنی حوکمە پیاوسالارییە دینییەکان، هێنانە خوارەوەی تەمەنی هاوسەرگیریی، ئیزندان بە هاوسەرگیریی کاتی و بێبەش کردنی ژنان لە خوێندنی هەندێک بەشی فەنی لە زانکۆکاندا دیاریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بە ژنان بوون.

لە ماوەی ٤ دەیەی ڕابردوودا، ژنان بە دژی سیاسەتە پیاوسالارانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کاردانەوەیان هەبووە و هەوڵی دروست کردنی گۆڕانکاریان داوە، کە لە نوێترینی ئەو جووڵانەوانە کچانی شەقامی ئینقلابە.

ژنان لە کوردستانی ئێراندا، سەرەڕای پێشێلکارییە جنسییەکان لەگەڵ پێشێلکاریی مافی نەتەوەیی بەرەوڕوون، کە لە مەیدانی خەباتدا و لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبووە.

خەبات کردن بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی یەکسان و مرۆڤسالارانە هاوشانی بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەییان بووە.

د. قاسملوو لە لێدوانێکیدا لە ڕێکەوتی ٨ی مارس ١٩٨٩ی زایینی، پێداگری لەسەر ئەوە دەکات، کە خەبات بۆ ئەوەی ژن مافی خۆی وەربگرێ، بە هیچ شێوەیەک جودا نییە لە خەباتی میللەتەکەمان بۆ دێموکراسی و خودموختاری.

لە سەرانسەری جیهاندا هەتاکوو ئەمڕۆ، لە خەبات بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی مرۆڤسالارانە بەردەوامن و ساڵانە لە ڕۆژی ٨ی مارسدا چەندین چالاکیی بەڕێوە دەبەن.

بۆ یەکەم جار لە وڵاتی ئامریکا لە دوایین یەکشەممەی مانگی دووی ساڵی ١٩٠٩ مەراسمی ڕۆژی ژن لە لایەن حیزبی سووسیالیستی ئەم وڵاتە گیراوە.

لە ساڵانی دواتردا لەژێر کاریگەریی ڕاپەڕین و گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی ژنان لە وڵاتانی ئەوروپایی و ڕووسیەدا، مانگرتن بە دژی زۆربوونی کاتی کارکردن و پێنەدانی پشووی مناڵبوون، کەمی مووچە، لە ساڵڕۆژی ٨ی مارسدا بەڕێوە چوون.

سەرئەنجام لە ساڵی ١٩٧٥ ڕۆژی ٨ی مارس، وەک ڕۆژی جیهانی ژن لە لایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دیاری کرا، کە هەتا ئێستەش خەبات بۆ یەکسانیی کۆمەڵگا و پێکهێنانی دنیایەکی مرۆڤسالارانە بەردەوامە.

پیرۆزبێت ٨ی مارس ڕۆژی جیهانی ژن