کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات خەڵات کرا

14:19 - 18 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەکوو ڕاگەیاندکارێکی سەرکەوتوو لە لایەن ڕێکخراوی هەڵوێست ڕێزی لێ گیرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هایدە سەجادی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات و ئەندامی چالاکی کۆمیسیونی ڕاگەیاندنی حیزب، وەکوو ژنە ڕاگەیاندنکارێکی سەرکەوتوو ، لە ڕێوڕەسمێکدا کە لە لایەن گرووپیهەڵوێست بە بوونەی ٨ی مارس بەڕێوە چوو، خەڵات کرا.

گرووپی هەڵوێست، بەمەبەستی ڕێز گرتن لە ٨ی مارس، ئەو ڕێوڕەسمەی ڕێک خستبوو کە تێیدا بە تایبەت ڕێزیان لە ڕاگەیاندنکاران و ڕۆژنامە نووسانی ژن لە کوردستان گرتبوو.

لەو ڕێوڕەسمەدا ڤێنا کەمال، ئەندامی گرووپی هەڵوێست، سەرەتا پیرۆزبایی ڕۆژی ٨ی مارسی لە هەموو ژنان بە تایبەت ژنانی کوردستان کرد و داوا کرا لە پرۆفیسۆری یاریدەر و ئەندامی گرووپی هەڵوێست نزاکەت حوسەین تاکوو وتەیەک لەسەر ڕۆڵی میدیای جیهانی و ڕۆڵی ژنان لە نێو میدیادا پێشکەش بکات.

پاشان بەشێک لە میدیاکارانی ژنی کوردستان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە خەڵات کردن ڕێزیان لێ گیرا و هایدە سەجادی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش، وەکوو ئەندامی چالاکی تیشک تی ڤی بە خەڵات کردن ڕێزی لێ گیرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا حەمە شوان کەمال ڕێکخەری گرووپی هەڵویست، بە دەسخۆشی کردن لە بەشداربووان، باسی لە چالاکییەکانی ئەو گرووپە کرد.

گرووپی هەڵوێست، لە بواری ژنان، منداڵان، هاوکاری ئاوارەکان و نەخۆشەکان و بە گشتی مافی مرۆڤ، بە گرتنی سمینار و کۆبوونەوە و سەردانی مەیدانی چالاکی دەکات.

هایدە سەجادی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە شاری مەریوانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دایک بووە؛ ناوبراو ماوەی ٥ ساڵە لە دەزگای ڕاگەیاندنی حیزبدا سەرقاڵی کاری میدیاییە و لەم بیاڤەدا چالاکی دەکات.

لەلایەن کۆمیسیۆنی ڕاگەیاندنی حیزبەوە پیرۆزبایی لە هاوڕێ هایدە سەجادی دەکەین و هیوای بەردەوامی لە کارەکانی بۆ بە ئاوات دەخوازین.