کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بانگەوازی ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ نەورۆزی ٢٧١٨ی کوردی

13:57 - 19 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: لە بەرەبەری هاتنی نەورۆزی ٢٧١٨ی کوردی، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بانگەوازێکیان لەژێر ناوی نەورۆز هێمای ژیانەوەو پێکەوە بوون بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکەیان بەم چەشنەیە:

نەورۆز هێمای ژیانەوەو پێکەوە بوون

‎خەڵکی خەباتگێڕی کوردستانی ئێران!


‎لە کاتێکدا بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ دەچین کە کوردستانی ئێران لەژێر زەبر و زەنگ و سیاسەتی سێدارە و سەرکوتی سیستماتیکی رێژیمی ئێران، ساڵێکی پڕ لە حەماسەتی ئەزموون کرد.

‎بەرچاوترین ڕووداوی سیاسی ئەمساڵ، خۆپیشاندان و نارەزایەتی سەرتاسەریی ئێران بوو کە بەشێک لە شارەکانی کوردستانیشی گرتەوە.

ئەوەی لە ئێران روویدا، دەرخەری وەڕێکەوتنی ڕاپەڕینێکی راستەقینەی جەماوەری بە مانای وشە بوو. خۆپیشاندانەکان ریشەیان لەو ناڕەزاییانە‌دا بوو کە لە دژی هەژاری و بێ دەرەتانی و کارەساتی ژینگەیی هاتوونەتە کایەوە.

‎پێکهاتەی سەرەکیی ئەم ڕاپەڕینە جەماوەرییە بریتی بوو لە خەڵکی ڕەش و ڕووت و هەژاری ناوچە پەراوێزخراوەکان؛ لەم ڕوویەشەوە دەکرێ بڵێین کە کۆماری ئیسلامی لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلۆژییەوە، تووشی هەرەسهێنان بووە.

‎بەرچاوترین تایبەتمەندیی ڕاپەڕینی ئەم جارە، کردنە ئامانجی رێبەریی و دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو لە تەواوییەتی خۆیدا. هەرچەند سەرانی رێژیمی ئێران هەوڵیان دا سەرەداوی ئەم خۆپیشاندانانە گرێ بدەن بە دەستی دەرەکییەوە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە، کە حکوومەت بە تەواوی لە ئاستی ویست و داواکارییەکانی خەڵک دەستەوەستانە و توانای چارەسەرکردنیانی نییە.

‎لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانانە، بەشداریی خەڵکی شۆڕشگێڕی کرماشان لە خۆپیشاندانی سەرانسەریی ئێراندا بوو، بە جۆرێک کە قورسایی و سەنگی تایبەتیی هەبوو. خەڵکی ئەم بەشە لە نیشتمان بە دروشمی شۆڕشگێڕانە و هەڵوێستی نیشتمانییان، بەرەوڕووی هێزی داپڵۆسێنەر و سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بوونەوە. لەڕاستیدا پارێزگای کرماشان ئەم جارە فاکتەرێکی کاریگەرو ئیلهامبەخشی ناڕەزایەتی و بزووتنەوەی ئێعترازیی کوردستان و ئێران بوو.

‎بوومە لەرزەکەی کرماشان، لە دەرکەوتنی بوومەلەرزەی سیاسیی ئەم جارەدا کاریگەری هەبوو. ئەم ڕووداوە وەبیری گەلانی ئێرانی هێنایەوە کە پانتایی و قووڵایی گەندەڵی و دزی و ناکارامەیی کۆماری ئیسلامی تا چ رادەیەکە. پەیامێکی دیکەی ئەم بوومەلەرزیە ئەوە بوو، کە گەلانی ژێرستەمی ئێران بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی هاوچارەنووسن.

‎هەر بەو پێیە، بینیمان کە خەڵکی کوردستانی ئێران دوای ڕوودانی بوومەلەرزەکەی کرماشان، بە چ هەستێکی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییەوە بە هانای هاونیشتمانانی لێقەوماوی خۆیان لە پارێزگای کرماشانەوە چوون. وەڕێخستنی کەمپەین و بەڕێکردنی کاروانی یارمەتی، بەشێک لەو هاوپێوەندییە بوو کە تەنانەت هاوسۆزی و یارمەتیی کوردانی دەرەوەی وڵاتیشی بۆ لێقەوماوان گرتەوە. ئەم هاوسۆزی و هاوپێوەندییە بەدەر لە لایەنی ئەخلاقی ومرۆیی، وێنەیەکی دەگمەنی لە هاوخەباتی و یەکڕیزیی خەڵکی کوردستانی ئێران خستە روو، بە جۆرێک کە کارەساتی سروشتی و حەماسەی نەتەوەیی ئاوێتەی یەکتر بوون. ئەمەش وەک سەرمایەیەکی مەعنەوی و پڕبەهای ڕەوتی ڕزگاری نەتەوەییە.

‎لەم ساڵدا، سیاسەتی زەبروزەنگ و سەرکوتی سیستماتیک وەک سیاسەتی هەمیشەیی و بەشێکی جیانەکراوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەوام بوو. لە سێدارەدانی ئازادیخوازان، زیندانی کردن و بێ سەروشوێن کردنی جیابیران و چالاکانی مەدەنی و تێکۆشەرانی سیاسی، کوشتن و بریندارکردنی خەڵکی کاسبکار لە ناوچە سنوورییەکان بەشێک لەم سەرکوتە سیستماتیکە بوون.

‎خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج، هاتنە سەر شەقامی بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارو ناوچەکانی کوردستانی ئێران بوو بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی رێفراندۆمی باشووری کوردستان بۆ پرسی سەربەخۆیی، هەروەها دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە کوشتنی کاسبکاران کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم بە هێزی سەرکوت و توندوتیژی بەروڕوویان بوونەوە.

لە ئەنجامی ئەم سەرکوتەدا ژمارەیەکەی بەرچاو لە رۆڵەکانی نیشتمان دەستگیر و زیندانی کراون. لایەنی دیاری ئەم خۆپیشاندانانە حوزوری بەرچاون کچان و ژنانی ئازادیخوازی کوردستان بوو کە مەخابن ژمارەیەکیان دەستگیر و رەوانەی سیاچاڵەکانی رێژیم کران.

‎ئەمساڵ کە رابرد، دەستپێکەکەی نەورۆزی جامانەکان بوو؛ دوای ئەو هەموو حەماسەتە کە ئاماژەیان پێکرا، جێی خۆیەتی نەورۆزێک کە دادێ، بە هەمان شکۆوە و بە هەمان حەماسەوە بە جامانە و هەوری و لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵگرتنی گوڵی سوور بڕازێندرێتەوە و لە گەڵ ژیانەوەی سروشت، ژیانەوەی نەورۆزی جامانەکان بۆ نیشتمان بکرێ بە دیاری، هەر بۆیە داواکارین یەک دەنگ و یەک هەڵوێست، بەرەو پیری نەورۆز و سەری ساڵی نوێ بچن.

‎بێگومان هاوخەباتی و یەکڕیزیی نەتەوەکەمان، رەمزی سەرکەوتنمانە. لەم روانگەیەشەوە داوا لە سەرجەم خەڵکی کۆڵنەدەر و نیشتمانپەروەی کوردستانی ئێران دەکەین بە هەمان ئیرادە و رۆحیەی هاوخەباتییەوە لە خەباتی نەتەوەیی-دێموکراتیکی خۆیان بەردەوام بن و ریزەکانی خۆیان بەهێزتر و پتەوتر بکەن و سەری ساڵی نوێ پیرۆز بکەن.

‎لە کۆتاییدا، لە ئێستاوە پیرۆزبایی سەری ساڵی نوێ لە سەرجەم هاونیشتمانیان و رۆڵە ئازادیخوازەکانی کوردستان دەکەین و هیوادارین ساڵی داهاتوو، ساڵی هاوخەباتی و دەسکەوتی زیاتر بێت بۆ نەتەوەکەمان.

سەرکەوێ ئیرادەی نەتەوەیی و هاوخەباتیمان

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

١٧ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی

پێکهاتوو لە:
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران