کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکانی رۆژی ژنیش بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی میللی تۆمەتبار کران

15:34 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: هەندێک لەو ژنانەی کە لە ڕۆژی ٨ی مارس، لە بەردەم وەزارەتی کار کۆ ببوونەوە، بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی میللی، پەروەندەیان بۆ ساز کرا و زیندانی کراون.

چالاکانی ژن لە بانگەوازێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلێگرام بڵاو کراوەتەوە، داوای کۆبوونەوە و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ٨ی مارس ڕۆژی ژنیان لە بەردەم بینای وەزارەتی کار کردبوو، کە لەگەڵ دژکردەوە و هێرشی هێزە ئەمنیەتی و لیباس شەخسییەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوون و چەندین کەسیان لێ دەسبەسەر کراون.

دەستگیرکراوان بە بنەماڵە و کەسوکاری خۆیان ڕاگەیاندووە کە پەروەندەی ئەمنییەتیان بۆ کراوەتەوە و بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئەمنییەتی میللی تۆمەتبار کراون، هەروەها وتوویانە کە لە زینداندا بارودۆخیان باش نییە و لە وەزعیەتێکی نالەباردا دەژین.

زۆهرە ئەسەدپوور و بەنەفشە جەماڵی دوو بەندکراوی ئەو ڕووداوە، ڕایانگەیاندووە کە لە سلوولی تاکەکەسی ڕایاندەگرن و بارودۆخی بێهداشتی شوێنەکەیان خراپەو دەستیان ناگاتە ئاو و کەرەستەی بێهداشتی.

بەپێی هەواڵەکان، لە ڕۆژی ١٧ی ڕەشەمە، ڕۆژی ٨ی مارس جگە لە ئەسەدپوور و جەماڵی، چەندین کەسی دیکە وەکوو شەهلا ئێنتساری چالاکی بواری ژنان، سوودابە ڕەخش، مەولوود حاجی زادە و ئاینا قوتبی لە رۆژنامەوانانی ژن و هەروەها جەواد تەلەلی و عەلی سالم لە رۆژنامەوانانی پیاویش دەسبەسەر کراون.

لەو ڕۆژەدا زیاتر لە ٨٠ کەس لە چالاکانی بواری ژنان و ڕۆژنامەوان دەسبەسەر کرابوون کە هەنووکە چەندین کەسیان لە زینداندان و پەروەندەی ئەمنییەتیان بۆ کراوەتەوە.

جێگەی ئاماژەیە پاش ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ئەمساڵ، هەرجورە کۆبوونەوە، ناڕەزایەتی دەربڕین و چالاکییەک لە ئێراندا لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە بە تووندی بەرخوردی پێ دەکریت و بە خێراییش تۆمەتی سیخوڕی و ئەمنییەتی دەدەنە پاڵ دەستگیرکراوان.

لەلایەکی دیکەوە، دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم بۆ شارەداری تاران و چەندین کچی مێرمنداڵ کە لە مەراسمی ٨ی مارس لە بۆرجی میلاددا شاییان کردبوو، پەروەندەی دروست کردووە و بانگهێشتی کردوون.