کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خوڵبارین لە کرماشان و ئیلام لە ئاستی هوشداردان

20:54 - 20 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: خوڵبارین لە پارێزگاکانی کرماشان و ئیلام، کێشەی جیددی بۆ گیانلەبەران ساز کردووە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆڵیکی تازەی خوڵبارین ڕووی کردووەتە شارەکانی کوردستان، بە تایبەت کرماشان و ئیلام و ژینگەی ئەو شارانەی لەگەڵ مەترسی و کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە بەچەشنێک کە ڕێژەی پیسی هەوا چەندین قات زیاتر لە ئاستی سروشتییە و گەیشتووەتە ئاستی هۆشدار.

لەو پەیوەندییەدا، جێگری چاودێری ئیدارەی گشتی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئیلام، باسی لەوە کردووە کە ڕێژەی سروشتی خۆڵ لە هەوادا، ١٥٠ میکرۆگرەمە، بەڵام شارەکانی ئاودانان، مێهران، ئەیوان، چەرداوڵ و دەڕەشار، لەم ڕۆژانەدا ڕێژەی خوڵبارینیان یەک و نیو قاتی ڕێژەی ئاسایی بووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە لە درێژەی ئەمساڵدا، ٥٤ رۆژ لە پارێزگای ئیلام، کەشوهەوا لە بواری خۆڵبارین، ئاستی سروشتیی تێپەڕ کردووە.
لە پارێزگای کرماشاندا، هاوشێوەی ئیلام، لە هەندێک شار وەک قەسرشیرین، خۆڵبارینەکان ئاستی سروشتی خۆی تێپەڕ کردووە و هەناسە کێشانی خەڵکی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووە؛ پێویست بە وەبیرهێنانەوەیە کە لە ئەمساڵدا چەندین جار ئیدارەکان و قوتابخانەکان، بە هۆی زۆربوونی ڕێژە و خەستیی خۆڵبارینەکان، داخراون.

چەندین ساڵە کە خۆڵبارین ڕووی کردووەتە کوردستان و ناوچە عەرەب‌نشینەکان و ژینگەی ئەو ناوچانەی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووە بەچەشنێک کە خەڵکی ئەو ناوچانە بە هۆی خوڵبارین، تووشی نەخۆشی ڤیروسی و هەناسە کێشان بوون و زۆرکەسیش گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها ئەم پرسە خەسارێکی زۆری بە دارستانەکانی کوردستان
گەیاندووە و بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشک بوون و لە نێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس، بە تایبەت دارە بەڕووەکان بووە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستە نایانتوانیوە یان نەیانویستووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن.