کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیویورک پۆست: ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەموو جیهان هەڕەشەیە

14:23 - 21 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ڕۆژنامەی نیویورک پۆست، لە بابەتێکدا لەسەر هەڕەشە جیهانییەکانی ڕێژیمی ئێران هۆشداری داوە.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی، بابەتێکی سەبارەت بە مەترسییەکانی ڕێژیمی ئێران لەسەر ئەمنییەتی جیهانی بڵاو کردۆتەوە و لەو بابەتەدا باس لەوە کراوە، کە نابێت بەرنامەی ناوکیی کورەی باکوور، مەترسیی بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران بیخاتە پەراوێز و لەبیر بکرێت.

لەو بابەتەدا ئاماژە بە هەڕەشەی فەرماندەکان سپای پاسداران کراوە، کە ڕایانگەیاندووە، درێژە بە بەرنامەی بەرهەمهێنانی مووشەکی بالستیکی دەدەن و لە بارەوە بە هیچ شێوەیک وتووێژ ناکەن و سەرەڕای گوشارە جیهانییەکان و گەمارۆوەکانی ئامریکا، بەرهەمهێنانیان سێ قات کردۆتەوە.

هەروەها باس لەوە کراوە، کە ژنراڵێکی سووریەیی کە لە ڕێژیمی بەشار ئەسەد دابڕاوە، باسی لەوە کردووە، کە ڕێژیمی ئێران مووشەکێکی تاقی کردۆتەوە، کە دەتوانێت کڵاوەی ناوکی هەڵبگرێت و ئاماژەی بەوە کردووە، کە پاشکەوتە کیمیایییەکانی ڕێژیمی ئەسەد لە ئێران و کورەی باکوور هاتووە و هەروەها بە گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنانیش دراوە.

لەو بابەتەی نیویورک پۆست، ئاماژە بەوە کراوە، کە بەرنامەی پڕ لە کەموکۆڕیی بەرجام، نەیتوانیوە پێش بە بەرنامە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران و سیاسەتی شەڕخوازانەی ئەو ڕێژیمە لە ناوچەکە و جیهان بگرێت و هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران بو سەر ئەمنییەتی جیهانی بەردەوام و ڕووی لە زیادبوونە.