کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکێکی دیکە لە چڵکاوخۆرەکانی سەر بە ڕێژیم کوژرا

16:12 - 23 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: یەکێک لە جاشە ناوزڕاوەکانی سەر بە سپای پاسداران لە ناوچەی مەرگەوەڕی شاری ورمێ کوژرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی ڕەشەمە، چڵکاوخۆری ناوزڕاوی سپای پاسداران مامڵ پوورمحەممەدی خەڵکی گوندیباوانسەر بە ناوچەی مەرگەوەڕ لەلایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە کوژرا.

ئەو ئەندامەی سپای پاسداران بە هۆی دەستڕێژی گوللە و قورسی برینەکەیەوە کوژراوە.

لە ڕاگەیەندراوی هەڵۆکانی زاگرۆسدا هاتووە: ناوزڕاوی جاش، مامەڵ محەممەدی کوڕی جەمیل خەڵکی باوانی مەرگەوڕ بە تاوانی دەستەمۆیی و سیخوڕی بۆ چەکدارە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، ئەزیەت و ئازاری لاوان و تاڵان و بڕی کاسبکارانی هەژاری ناوچەکە، گوشار و ترس و تۆقاندنی لاوان و بەهۆیەوە ڕاکێش کردنیان بۆ نێو ڕایلکەی سیخوڕیی بەسیج، لە لایەن هەڵۆکانی زاگرۆس پۆلی مەرگەوەڕ بەسزای تاوانەکانی گەیشت.

بەپیی ئەم هەواڵە مامەڵ لەو خۆفرۆشانە بووە کە سەرەڕای چەند جار وریاکردنەوە و داوای وازهێنان لە کردەوە دژی‌گەلییەکانی، هەروا درێژەی بە گوێ لەمستی بۆ دەسەڵاتدارانی ڕێژیم لە ناوچەکە دەدا، هەر بۆیە سەرلە ئێوارەی ڕۆژی ٢٢ی ڕەشەممە بڕیاری سزادانی لە لایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە درا و گوللە باران کرا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشیاندا هاتووە: بەم هۆیەوە جارێکی دیکەش هەڵۆکانی زاگرۆس هەموو ئەو چەکدارانەی کەوتوونەتە داوی پیلانەکانی دەوڵەتی تاران بۆ سەرکوت و ئازاری گەلەکەیان وشیار دەکاتەوە کە کۆتایی بە خزمەت کردنی داگیرکەرانی ماف و ئازادییەکانی گەلەکەیان بێنن، بە پێچەوانەوە لە لایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە بەسزای تاوانەکانیان دەگەن.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت پاش ڕاگەیاندنی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات ناسراو بە ڕاسان بەشێکی بەرچاو لە جاش و خۆفرۆشەکانی سەر بە ڕێژیم لەلایەن خەڵکی کوردستان و لاوانی دەروەستی کورد بە سزای کردەوە شەرمێونانەکانیان گەیشتوون.