کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامی ناڕەزایەتییە کرێکاریەکان لە ئێراندا

14:49 - 24 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: ڕەوتی ئیعترازە مەدەنییەکان لە ئێران بەردەوامە و ڕێژەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکانیش ڕووی لە زیاد بوون کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٦ی هەتاوی شاهیدی نزیک بە ١٠ ناڕەزایەتی کرێکاری لە چوارسووچی ئێراندا بووین، کە هەر کامەیان بە شێوەی جۆراوجۆر ناڕەزایەتی و بێزاری خۆیان بە نسبەت بارودۆخی کار و نەدانی مووچەکانیان، دەربڕیبوو.

کرێکارانی کارخانەکانی کنتورسازی ئێران و مێتالۆژی پوودری ئێران، لە بەردەم بینای پارێزگاری قەزویندا کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی.

کرێکارانی شارەداری محەمەدشاری کەرەج، بە هۆی وەدواکەوتن و نەدانی مووچەی مانگانە و جێژنانەی ساڵی پار، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ئەنجام دا، هەروەها کرێکارانی کاشی حافزیش بەهۆی وەدواکەوتنی مووچەکانیان، لە بەردەم بینای پارێزگاری فارس کۆ بوونەوە.

نزیک بە ٦٠ کرێکاری کارخانەی پارس پامچالی قەزوین باس لەوە دەکەن کە نزیک بە ٧ مانگە پارەیان پێنەدراوە و کرێکارانی پۆڵای ئەهوازیش بۆ ٢٢ هەمین ڕۆژی بەردەوام درێژەیان بە مانگرتنەکەیان دا.

کرێکارێکی دەرکراوی شارداری نەودژی کرمان، بێنزینی بەسەر ماشینی شارەداردا رژاند و ئاگری تێبەردا، بەو هۆیەوە شارەداری نەودژ تووشی ٣٥٪ سووتان بووە و بۆ بیمارستانی بەندەر عەباس بەڕێ کراوە.

کرێکارێکی کارخانەی حەفارە سازانی میلاد ساعی، لە شاری ئەراک بە شێوەیەکی زۆر جیاواز دەستی دایە ناڕەزایەتی دەربڕین و بە سەما کردن لە بەرانبەر کامێرادا هەوڵی داوە تا قسەی خۆی بە گوێی بەرپرسان بگەیەنێت، ناوبراو ڕایگەیاندووە: شایەت بە بینینی سەماو ڕەقسەکانم، بەرپرسان ئازارەکانمان ببینن و قسەکانمان بگاتە گوێیان.

مەسعود نیلی هاوکاری حەسەن ڕوحانی لە کەرتی ئابووری، لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی ئێراندا ڕایگەیاندووە: ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی کرێکاران لە سەرتاسەری ئێران زەنگێکی مەترسیدارن و ئەگەر چارەسەر نەکرێن لە دواڕۆژێکی نزیکدا بە شێوەی زۆر بەرین دەست پێ دەکەنەوە و هیچ دەرفەتێکیشمان پێ نادەن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ئەگەر هەر بەم شێوەیە بڕۆینە پێشەوە، لەگەڵ مەترسی جیددی بەرەوڕووین.