کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٨٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان

15:12 - 24 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: بارودۆخی خەڵکی ئێران لە خراپیدایە و٨٠ لەسەدی خەڵکی ئێران، لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن.

شەهاب نادری، یەکێک لە نوێنەرەکانی ڕێژیم لە مەجلیس، ڕۆژی یەکشەممە، ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمە، لە دانیشتنێکی مەجلیسدا باسی لە خراپیی باری ئابووریی خەڵکی کردووە و وتوویەتی: ٨٠ لەسەدی کۆمەڵگای ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان.

بێکاری خەڵكی ئێران، بەکارهێنانی سامانی وڵات بۆ تێرۆر لە ناوچە و گەمارۆوە ئابوورییەکانی جیهان، لە هۆکارە بەرچاوەکانی هەژاری خەڵکی ئێرانن.

بەپێی نوێترین ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئێران لە ڕیزبەندی بێکاری لە جیهاندا، لە پلەی ١٩هەم دایە.

بوودجەی ڕێژیمی ئێران، بۆ ساڵی ١٣٩٧ کەمی هێناوە و ئەمەش باس لە خراپتر بوونی باری گوزەرانی خەڵک دەکات.

وەرزی هاوینی ئەمساڵیش عەلی لاریجانی، سەرۆکی مەجلیسی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەی هەیئەت ئۆمەنای زانکۆوەکانی زانستی پزیشکی ڕەخنەی لە دۆخی ئابووریی وڵات گرت و ڕایگەیاندبوو، خراپی باری ئابووریمان ئەو کاتە زیاتر دەردەکەوێت کە چاو بە ئامارەکاندا دەخشێنین، بۆ وێنە لە بواری ئازادیی ئابووریدا، ئێران لە نێوان ٢٢ وڵاتی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دوایین پلەی هەیە و لە نێوان ١٨١ وڵاتی جیهاندا پلەی ١٤٧ی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە؛ یان لە باری بارودۆخی گشتی ئابوورییەوە، ئێران لە بواری گەشەی ناپەتیی نێوخۆیی، لە نێو ٢٤ وڵاتی ناوچەکە، پلەی١٠هەم و لە نێو ١٩١ وڵاتی جیهانیش پلەی ٨٤هەمی هەیە.

ڕێژیمی ئێران، سامانەکانی وڵات بۆ بەرەو پێشبردنی تێرۆر لە ناوچەکەدا بەکار دەهێنێت، پشتیوانی سەرەکی تێرۆری ناوچەکەیە، کە بە شێوەیەکی دیار و ئاشکرا پشتیوانی لە حیزبوڵڵای لوبنان، حووسییەکانی یەمەن و ڕێژیمی بەشار ئەسەد لە سووریەدا دەکات.

لە لێدوانێكدا محەممەد مەسووری، پارێزەری عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرکۆماری پێشووی یەمەن، ئاشکرای کردووە، که میلیشیا حووسییەکان، بنکەی تایبەتیان بۆ هێزەکانی ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە، که چەکدارەکانیان ڕابێنن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، که بنکەی شاراوەیان بۆ هاوێشتنی مووشەک ساز کردووە و پارچەی مووشەکەکان به جیا له ڕێگەی دەریا، ئاسمان و زەوینەوە بۆ یەمەن دەنێردرێن و لەوێ مونتاژ دەکرێن.

وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆژئاوا و ئامریکا بەتایبەت ئیسرائیل نیسبەت بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری ناوچەکە و بەتایبەت سووریە و عێراق هۆشداریان بە ڕێژیمی ئێران داوە و به هۆی درێژەی دەستێوەرادنەکانی ڕێژیمی ئێران لە کاروباری وڵاتانی ناوچەدا، پێشتر وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا ناوی سپای پاسدارانی لە لیستەی پشتیوانی تێرۆریزم‌ تۆمار کردووە.